2020-03-26   3534     
لەدوێنێوە پارتیو یەکێتی هێز بەرەو وەرتێ دەبەنو لەسەر چیای زین بەرامبەری یەکتر وەستاون، پەکەکە لەم جموجۆڵەی پارتی بەگومانو نیگەرانەو خەڵکی سنورەکەش لەهەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ دەترسن.
ئاوێنە: ئەم هێز کۆکردنەوەیەی پارتیو یەکێتی بەرامبەر بەیەکتر پاش ئەوە دێت کە پارتی ویستویەتی هێزێک بەناوی فەوجی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگەوە لەدەڤەری باڵەکایەتی جێگیر بکات، ئەمەش یەکێتی نیگەران کردوە.
لەبەرامبەر ئەم هەنگاوەی پارتیدا، یەکێتیش هێزێکی دژە تیرۆری لەرانیەوە بەرەو چیای زینی وەرتی جوڵاندوەو رەوشەکە گرژیو ئاڵۆزی تێکەوتوە.
کادیرانی یەکێتی لەو سنورە ئاماژە بەوە دەکەن کە شەوی رابردو پارتی پێشمەرگەیەکو کادیرێکی یەکێتی لەناحیەی قەسرێ سەر بەقەزای چۆمان دەستگیرکردوەو گواستراونتەوە بۆ ئاسایشی سۆران.
ئەم هێز کۆکردنەوەیەی پارتیو یەکێتی لەوەرتێ، گەریلاکانی پەکەکەشی نیگەران کردوەو بەگومانن لەوەی ئەم جموجوڵەیەی پارتی پیلانی تورکیا بێت بۆ ئەوەی قەندیل لەناوچەکانی کارۆخو رواندزو وەرتێو دۆڵی شاورێ داببڕێت، لەبەر ئەوە دژی چونی هێزی پێشمەرگەن بۆ ئەو ناوچەیەو قبوڵ ناکات هیچ هێزێکی پارتیو یەکێتی لەوێ بێت.
ناحیەی وەرتێ کە خاڵی تەماسی هێزەکانی پارتیو پەکەکەو یەکێتییە، لەڕوی ھەڵکەوتەی جوگرافییەوە سەر بەقەزای رەواندزەو ناوچەیەکی شاخاوی دڵڕفێنی سەختەو دژوارە، چەند چیایەکی بەرز دەوری وەرتێی داوە. بەشێکی بەرچاو لەدانیشتوانی ناحیەی وەرتێ لەڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی یەکێتیو پارتیدان.
ئێستا یەکێتیو پارتی لەگفتوگۆدان بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە، خەڵکی ناوچەکەش نیگەرانن لەوەی ئەگەری پێکدادان هەیە لەزینی وەرتێ لەنێوان یەکێتیو پارتیو پەکەکە.