لە هیندستان بازاڕێکی سەوزە و میوە بوەتە چەقی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا
  2020-05-06       597       
زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لەنێو ئەو کەسانەی سەردانی بازاڕێکی سەوزە و میوەی شاری چێننای پایتەختی ویلایەتی تامیل نادو باشووری هیندستان-یان کردووە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە.
 
ئاوێنه‌: بازاڕێکی سەوزە و میوە لە شاری چێننای پایتەختی ویلایەتی تامیل نادو باشووری هیندستان بووەتە چەقی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بەوهۆیەشەوە حەوت هەزار کەس کە سەردانی بازاڕەکەیان کردووە کەرەنتین کراون.

هەتا ئەمڕۆش، دوو هەزار و هەشت حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لەو شارە تۆمارکراوە کە ٥٤٥ حاڵەتیان لە دوو رۆژی رابردوودا بوون.

جێی ئاماژەیە بەشێکی قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە هیندستان لە چواری ئایاردا لابرا، تەنها رۆژێک دواتر و لە پێنجی ئایاردا، سێ هەزار و ٩٠٠ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) تۆمارکرا، ئەمەش بەرزترین ژمارەیە کە تا ئێستا لە یەک رۆژدا تۆمارکرابێت.

دوای سوککردنی قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە فرۆشگای مەیفرۆشییەکانی شاری مومبای قەرەباڵغییەکی زۆر دروست بوو، ئەمەش وایکرد دووبارە بڕیاری داخستنی فرۆشگاکانی مەیفرۆشی لەو شارە بدرێت.

لە نیودەلهی پایتەختیش بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی قەرەباڵغی لە فرۆشگاکانی مەیفرۆشیدا سەدا ٧٠ باجی فرۆشی تایبەت خراوەتە سەر خواردنەوە کحولییەکان.

تا ئێستا لە هیندستان، ٤٩ هەزار و ٤٣٦ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) تۆمارکراوە و هەزار و ٦٩٥ تووشبووی ڤایرۆسەکەش گیانیان لەدەستداوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×