نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان
  2020-05-09       1237       

نرخی‌ نەوت لەبازاڕەكانی‌ جیهان بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو بەرز بووەوە.

ئاوێنه‌: ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، نرخی نەوت بۆ ئەمڕۆ شەممە، 9ی‌ ئایاری 2020 بەرزبوونەوەیەكی دیكەی تۆمار كردووە، بەشێوەیەك نرخی‌ نەوتی برێنت بە 30 دۆلار و 88 سەنت لە بازاڕەكانی جیهان مامەڵەی پێوەكراوە و هاوكات نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكیش بە 24 دۆلارو 62 سەنت مامەڵەی پێوەكراوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەكاتێكدایە، ژمارەیەك لەو وڵاتانەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سەرجەم كەرتە پیشەسازی و بازرگانییەكانیان وەستاندبوو، بەڵام لە ئێستادا و بەهۆی كەمبوونەوەی مەترسییەكانی كۆرۆنا، بەشێك لە چالاكییە ئابوورییەكانیان دەستپێكردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

پێشتر و بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، زۆرینەی كارگە و كەرتە بەرهەمهێنەرەكان داخران و پەكیان كەوت، هەربۆیە خواست لەسەر بەكارهێنان و كڕینی نەوت كەمبووەوە، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت جیهانی و ئەو وڵاتانەی پشت بە بەرهەمی نەوت دەبەستن تووشی زیانێكی زۆر بوون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×