ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تەواوکردنی ٧ وەزارەتەکەی کازمی کۆدەبێتەوە
  2020-06-06       450       
چاوەڕان دەکرێت، ئەمڕۆ شەممە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر تەواوکردنی کابینەی حکوومەتەکەی مستەفا کازمی ساز بکرێت.

ئاوێنه‌: پێشتر سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ناوی حەوت بەربژێری بۆ وەزارەتە بەتاڵەکان پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران کردبوو.

هاوکات بەپێی راگەیەندراوێک کە لە لایەن نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێودەچێت کە لەمیانیدا دەنگ لەسەر تەواوکردنی کابینەی حکوومەت دەدرێت.

زاندراوە لە هەر لەمیانی دانیشتنەکەدا، راپۆرتی لیژنەی قەیرانەکان تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەگەڵ راپورت و پێشنیازییەکانی لیژنەی دارایی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی تاوتوێ دەکرێن.

مستەفا کازمی رۆژی حەوتی ئایار، ٢٠ لە کاندیدەکانی بۆ وەزارەتەکان خستە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران و متمانەی وەرگرت و لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دەستبەکاربوو.

بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر ژمارەیەک لە کاندیدەکان، کاندیدی پێنج وەزارەت لەوانەش بازرگانی، کشتوکاڵ، رۆشنبیری، کۆچ و داد نەیانتوانی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست بهێنن، هەروەها هەردوو وەزارەتی دەرەوە و نەوت دەنگدان لەسەریان دواخرا.

لەئێستادا کابینەکەی کازمی کە لە ٢٢ وەزارەت پێکهاتووە، تەنها خاوەن ١٥ وەزیرە و پۆستی وەزارەتە بەتاڵەکان لەلایەن وەزیرەکانی دیکەوە بەڕێوەدبرێن و کازمی وەزارەتی دەرەوە بە وەکالەت بەڕێوەدەبات.

هەریەکە لە فوئاد حسێن بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە، حاکم سالار بۆ پۆستی وەزیری داد، ئیحسان عەبدلجەبار بۆ پۆستی وەزیری نەوت، حەسەن نازم بۆ پۆستی وەزیری رۆشنبیری، محەمەد کەریم بۆ پۆستی وەزیری کشتوکاڵ، عەلا جبوری بۆ پۆستی وەزیری بازرگانی و ئیڤان فائق بۆ پۆستی وەزیری کۆچ و کۆچبەران، کاندید کراون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×