تا ئێستا لەعێراق 324 پزیشك توشی كۆرۆنا بون و دو توشبوش گیانیان لەدەستداوە
  2020-06-10       474       

سەندیكای پزیشكانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند: تا ئێستا لەسەرتاسەری عێراق، جگەلە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، دو پزیشك بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوەو 324 پزیشكی دیكەش توشی ڤایرۆسەكە بون كە زۆربەیان لەبەغدان و پێشبینیش دەكات لە رۆژانی داهاتودا ژمارەی توشبوانی پزیشك بەرزبێتەوە.

ئاوێنە: سەندیكای پزیشكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: تا ئەمڕۆ لەسەرتاسەری عێراق بەبێ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، 324 پزیشكی توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بون و دو پزیشكی توشبوش مردون.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە 124 پزیشك لەوانەی توشی ڤایرۆسەكە بون لە رەگەزی مێن كە دەكاتە لەسەدا 38.8ی توشبوان و 200 پزیشكیشیان لە رەگەزی نێرن كە دەكاتە لەسەدا 61.2ی توشبوان.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە لە كۆی گشتی ژمارەی پزیشكە توشبوەكان 170 توشبویان لە بەغدا، 37 توشبویان لە بەسرەو 27 توشبویان لە كەربەلان.

بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە دۆخی تەندروستی ژمارەیەك لە پزیشكە توشبوەكان ناجێگیرەو پێشبینیشی كردوە لە رۆژانی داهاتودا  ژمارەی توشبون بە كۆرۆنا لەنێو پزیشكانی عێراقدا بەرزببێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×