مستەفا کازمی سەردانی کڵێسای ماری ئەدی کرد
  2020-06-10       497       

سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە میانی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای نەینەوا سەردانی کڵێسای ماری ئەدی کرد لە قەزای حەمدانییە و چاوی کەوت بە سەرۆکی ئەساقیفەی ئەبرەشی کلدانی لە مووسڵ و ئاکرێ، مەتران مار میخائیل نەجیب.

ئاوێنه‌: سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە میانی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای نەینەوا کە بەبۆنەی شەشەمین ساڵیادی کەوتنی شارەکە لەسەر دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئەنجامیدا، سەردانی کڵێسای ماری ئەدی کرد لە قەزای حەمدانییە و چاوی کەوت بە سەرۆکی ئەساقیفەی ئەبرەشی کلدانی لە مووسڵ و ئاکرێ، مەتران مار میخائیل نەجیب.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی لە میانی سەردانەکەیدا رایگەیاند، کرستیانەکان پێکهاتەیەکی رەسه‌نن لە عێراق و لە ناخەوە هەست بە نیگەرانی دەکەین لە کۆچکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات.

کازمی روونیکردەوە کە ئەوە سەلمێنراوە کە فرەیی لە عێراق و تا ئێستاش خاڵی بەهێز بووە بۆ وڵات نەک خاڵی لاواز و عێراق شانازیی بەم تایبەتمەندییە جوانەی لە فرەیی دەکات و جگە لە خۆشەویستی و لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان پێکهاتەکانی گەلەکەمان، هیچ رێگەیەکی دیکە لەبەردەمماندا نییە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق راشیگەیاند، مووسڵ سەرکەوتووبوو لە یەکخستمان، و پرۆژەی نیشتمانی تاکە ئامانجمانە لە پێناو بەرەپێشچوون و ئاوەدانی وڵاتدا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×