نرخی نەوت بەرزبوەوە
  2020-06-19       810       

ئەمڕۆ هەینی نرخی نەوت بە رێژەی زیاتر لە لەسەدا 1 بەرزبوەوە ئەوەش دوای بەڵێنی وڵاتانی بەرهەمهێنی ئۆپیك پڵەس بۆ پابەندبون بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان و هەروەها بەرزبونەوەی ئاستی خواست لەسەر نەوت.

ئاوێنە: بەگوێرەی هەواڵێكی رۆیتەرز، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، نرخی نەوتی برێنت 61 سەنت و بە رێژەی لەسەدا 1.5 بەرزبۆتەوەو گەیشتۆتە 42.12 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك كە ئەوەش بەرزترین نرخە لەماوەی زیاتر لە یەك هەفتەی رابردودا. 

هەروەها نرخی نەوتی رۆژئاوای تەكساس-یش 60 سەنت و بە رێژەی لەسەدا 1.5 بەرزبۆتەوەو گەیشتۆتە 39.44 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.

بەرزبونەوەی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت كە وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لە ئۆپیك پڵەس بەڵێنیان داوە پابەندبن بە كەمكردنەوەی بەرهەم و خستنەڕوی نەوت بەتایبەت دوای ئەوەی عێراق و كازاخستان بەڵێنیاندا كە قەرەبوی ئەو بڕە نەوتەش بكەنەوە كە دەبو لە مانگی ئایاردا كەمی بكەنەوە.

هەروەها بەپێی ئاژانسی بلومبێرگ، هەردو دامەزراوەی بازرگانی نەوتی جیهانی، ڤیتۆڵ و ترافیگورا، رایانگەیاندوە كە خواست لەسەر نەوت لە مانگی حوزەیراندا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوەو ئەوەش پشتیوانی بوژانەوەی بازاڕی نەوتی كردوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×