تەقینەوەیەكی بەهێز لە رۆژهەڵاتی تاران رویدا
  2020-06-26       795       

درەنگانی شەوی رابردو تەقینەوەیەكی بەهێز لە رۆژهەڵاتی تارانی پایتەخی كۆماری ئیسلامی ئێران رویداو بە قسەی وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە، تەقینەوەكە لە كۆگایەكی غازدا لەنزیك  پێگەیەكی وەزارەتی بەرگری رویداوە.

ئاوێنە: درەنگانی شەوی رابردو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وێنە و ڤیدیۆی تەقینەكەوە بڵاوكرایەوەو باس لەوە كرا كە لەگەڵ بیستنی دەنگی تەقینەوەكەدا روناكییەكی زۆر لە رۆژهەڵاتی تارانەوە كە لە زەوییەوە بەرزبۆتەوە بینراوەو ئاسمانی ناوچەكەی روناك كردۆتەوە.

بەپێی ئاژانسیە رەسمییەكانی ئێران، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری رایگەیاندوە: ئەو دیاردەیە، تەقینەوەی كۆگایەكی غاز بوە لە ناوچەی پارچین و روداوەكەش كۆنترۆڵ كراوەو هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتۆتەوە.

داود عەبدی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئێران، هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هێزەكانی وەزارەتەكەیان چونەتە شوێنی روداوەكەو دەستیان بە لێكۆڵینەوە وردتر لە روداوەكە كردوە.

كۆمەڵگەی سەربازیی پارچین، بەبڕوای دەزگا ئەمنییەكانی وڵاتانی رۆژئاوا، 10 ساڵ لەمەوبەر شوێنی ئەنجامدانی چەند تاقیكردنەوەیەك بوە لە پەیوەست بە تەقاندنەوەی بۆمبی ئەتۆمی. بەڵام ئێران ئەو بانگەشانەی رەتكردبونەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×