روداوێك لە دامەزراوەیەكی ئەتۆمی ئێران لە ئەسفەهان رویدا
  2020-07-02       689       
وێنەی دامەزراوەی ئەتۆمی "نەتەنز" لە ئەسفەهان كە لە رێگەی مانگی دەستكردەوە گیراوە

بەهرۆز كەمالوەندی، وتەبێژی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند: روداوێك لە دامەزراوەیەكی پیتاندنی یۆرانیومی وڵاتەكەی لە پارێزگای ئەسفەهان رویداوە.

ئاوێنە: بەهرۆز كەمالوەندی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای روداوێك كە لەژێر لێكۆڵینەوەدایە، یەكێك لە یەكەكانی دامەزراوەی ئەتۆمی "نەتەنز" توشی زیان بوە.

وتەبێژی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران هەرچەندە وردەكاری روداوەكەی نەخستۆتەڕو بەڵام ئاماژەی بەوەداوە كە ئەو یەكەیە لە ناوچەیەكی كراوەدایەو تیمە شارەزاكانی ئاژانسەكەیان چونەتە شوێنی روداوەكەو دەستیان كردوە بە لێكۆڵینەوە سەبارەت بە هۆكارەكانی رودانی.

جەختیشی كردۆتەوە كە روداوەكە هیچ زیانێكی گیانی بەدواوە نەبوە هیچ زیانێكی بە چالاكییەكانی ئەو دامەزراوەیە نەگەیاندوە.

ماڵپەڕی بی بی سی هێمای بۆ ئەوە كردوە، چەند سەعاتێك بەر لە بڵاوبونەوەی یەكەم هەواڵی دەربارەی ئەو رداوە، بەیاننامەیەك بەدەستی هەندێك لە رۆژنامەنوسەكانیان گەیشتۆتەوە كە باسی ئەو روداوەو ئەنجامدانی چالاكییەكی لە سەعات دوی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەو دامەزراوەیە كردوەو بەرپرسیارێتییەكەشی گرتۆتە ئەستۆ.

بی بی سی ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەو كەسانەی بەیاننامەكەیان ناردوە، خۆیان بە ئەندامی "گروپێكی نهێنی" بە ناوی "پڵنگەكانی نیشتمان" ناساندوەو بانگەشەی ئەوە دەكەن كە لە دەزگا ئەمنییەكانی ئێراندا بونیان هەیەو چالاكن.

كەمالوەندی رەتیكردەوە كە ئەگەری پیشبونی ژینگە بەهۆی روداوەكەوە هەبێت چونكە بەپێی قسەی ئەو لەو یەكەیەی دامەزراوەكە هیچ چالاكییەك نەبوەو جێی هیچ نیگەرانییەكیش نییە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە هەفتەی رابردو دوای بیستنی دەنگی تەقینەوەیەك و بیستنی روناكییەكی زۆر لە رۆژهەڵاتی تاران وەزارەتی بەرگری ئێران رایگەیاند: ئەو روداوە بەهۆی تەقینەوەی كۆگایەكی غازەوە بوە لە ناوچەی پارچین و هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتۆتەوەو روداوەكەش كۆنترۆڵكراوە.

بەڵام بەپێی هەندێك لە سەرچاوەكان ئەو روناكییە زۆرەی رۆژهەڵاتی تاران بەهۆی تەقینەوە بوە لە كۆگا موشەكییەكانی نزیك پاركی نیشتمانی خوجیر لە ناوچە شاخاوییەكانی رۆژهەڵاتی تاران.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×