میترۆ ئامارەكانی شەش مانگی پێشێلكاری بەرامبەر ئازادیی رۆژنامەنوسی بڵاوكردەوە
  2020-07-04       647       

سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی كردن له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان رایگەیاند: لە شەش مانگی رابردودا، 98 پێشێلكاری جیاجیایان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی راگەیاندن تۆماكردون و دەشڵێت: كۆرۆنا كراوەتە پاساوێكی تر بۆ بەرتەسككردنی ئازادی رۆژنامەنوسی.

ئاوێنە: سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی كردن له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان، ئەمڕۆ شەممە، ئامارەكانی شەش مانگی پێشێلكاری بەرامبەر ئازادیی رۆژنامەنوسی بڵاوكردەوە.

بەپێی ئامارەكانی میترۆ، لە شەش مانگی رابردودا لە 1ی كانونی دوەم بۆ 30 حوزەیرانی 2020 سەنتەری میترۆ (98) جۆری پێشێلكاری بەرامبەر (72) رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن تۆمار كردوە، لە ناویاندا (5) رۆژنامەنوسی ژن بون. 

ئاماری پێشێلكارییەكان بەم شێوەیەن: (53)  حاڵەتی رێگری لە روماڵكردن، (5) حاڵەتی هەڕەشە، (7) حاڵەتی دەستبەسەركردن لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسای رۆژنامەگەری، (8) هێرش و لێدان، (9) حاڵەتی دەستبەسەركردن بە بێ فەرمانی دادگا، (11) حاڵەتی دەستبەسەركردنی شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەنوسان، (3) هێرشی ئەلیكترۆنی، (2) كەیسی هەراسانکردنی كچان و ژنان لەناو دەزگاكانی میدیا.

سەنتەری میترۆ لە كۆتایی مانگی شوبات لەگەڵ دەسپێكردنی پلانی حكومەت بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا داوای لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان كرد لە قۆناغی خۆپاراستن لە نەخۆشی "كۆرۆنا" پاڵپشتی هەڵمەتی نیشتیمانی بكەن بۆ خۆپارێزی لەم پەتایە و بڵاوكردنەوەی رێنمایی وهۆشیاری خۆپارێزی تەندروستی، نەبنە سەكۆیەك بۆ بەرهەمهێنانی ترس و پروپاگەندە، پشت بە سەرچاوەی فەرمی ببەستن.

سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەداوە كە میدیاكانی كوردستان، لەماوەی 4 مانگی رابردو كە ماوەی قۆناغی رێوشوێنەكانی خۆپارێزییە لە هەرێمی كوردستان، لە بری ئاسانكاری زیاتر بۆ دەزگاكانی راگەیاندن و پەیامنێرەكانی، دامەزراوە جۆراجۆرەكانی حكومەت لە هێزی چەكدارو مەدەنییان فشاری زیاتریان خستە سەر رۆژنامەنوسان، تەنانەت لە هەندێ حاڵەتدا ئۆباڵی بەرزبونەوەی رێژەی توشبوانی خستە سەر شانی هەندێ دەزگای میدیا دیارترینیان كەناڵەكانی سەر بە ئۆپۆزیۆنی سیاسی لە هەرێمی كوردستان.

وتوشیەتی: ئەم رێگری و فشارانە لە كاتێكدایە كە لەم قۆناغەدا زۆرینەی میدیای بینراو، بیستراو، ئەلیكترۆنی، رۆڵی گرنگیان هەبوە لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی، بە زانیاری دروست بەشداربون لە هەڵمەتی خۆپارێزی ئەركی پیشەیی خۆیان جیبەجێكردوە، دەیان رۆژنامەنوس خۆیان و خێزانەكانیان توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بون. ئەمەش جێگەی ستایشە نەك سەرزەنشت و پەلاماردانی مافەكانیان.

هەروەها هێمای بۆ ئەوە كردوە كە لەناو ئەم بارودۆخەدا جیاكاری و هەراسنكردنی ژنانی و كچانی رۆژنامەنوس بەردەوام بو، میترۆ هەندێ كەیسی هەستیاری وەرگرتتوە كە پەیوەندی بە هەراسانكردنی كچان و ژنانی رۆژنامەنوسەوە هەبوە لە ناو دەزگانی میدیای كوردستانی.

میترۆ سەرنجی داوە كە ناهاوسەنگییەكی تەواو هەیە لە بەشداری ژنان لەناو هەواڵ و راپۆرت و بەرنامەكانیادا، داوا دەكەین هەنگاو بنێن بەرەو گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ پرسەكانی جێندەر،  بەشدارییەكی هاوسەنگ هەبێت چونكە ژنان و كچان لە هەمو بوارەكانی قۆناغی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنادا رۆڵی گرنگیان هەبوە.

سەنتەری میترۆ چەند داواكارییەكیشی روبەڕوی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردونەتەوە كە ئەمانەن:

• گرەنتی ئازادی رۆژنامەگەری بكەن كە بەپێی یاسای كاری رۆژنامەوانی رێكخراوە لەپاڵ یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری و بەهیچ شێوەیەك بەربەست نەخەنە بەردەم ئازادی كاری رۆژنامەنوسان.
• ئازادی بیروڕا و رادەربڕین بەشێوەیەكی مەدەنییانە مافێكی سروشتی و یاساییە ناكرێت بەهیچ پاساوێك پێشێلبكرێت.
• دەسەڵاتی دادوەری و ئەنجومەنی دادوەری و داواكاری گشتی پێویستە رۆڵی خۆیان بگێڕن لە پاراستنی سەروەری یاسا و دادگاییكردنی سەرپێچیكەران بەرامبەر رۆژنامەنوسان.
• كۆسپەكانی بەردەم كاری رۆژنامەنوس لەگەیشتن بەسەرچاوەی زانیاری لاببرێت.
•جیاكاری لەنێوان كەناڵەكانی راگەیاندندا نەكرێت بۆ بەدەستهێنانی زانیاری، بەڵكو رێگە بەهەمو میدیاكان بدرێت بەبێ‌ بەربەست روماڵی ئەو هەواڵ و روداوانە بكەن كە جێی بایەخی خەڵكن. 
• پێویستە راگرتن (تەوقیفكردن)ی رۆژنامەنوسان لەسەر كەیسەكانی تایبەت بەبڵاوكردنەوەو ئازادی بیروڕا نەمێنن.
• جگە لەپۆلیس هیچ دەزگایەكی ئەمنی بۆی نەبێت رۆژنامەنوس بانگ بكات، ئەویش تەنها بەفەرمانی دادوەر بێت.
 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×