له‌ سلێمانی نرخی ئەمپێری موەلیدە بۆ مانگی شەش دیاریكرا
  2020-07-05       867       
لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەكان لەشاری سلێمانی نرخی ئەمپێری كارەبای موەلیدەی بۆ مانگی رابردو دیاری دەكات و راشیدەگەیەنێت بەپێی خشتەی پێدانی كارەبای موەلیدە ئەم مانگە بیست و چوار سەعات كارەبا دابین دەكرێت.

ئاوێنه‌: راگەیاندنی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند "ئەمڕۆ یەكشەممە (5-7-2020) لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەكان كۆبوەوە، بە گوێرەی نرخی گازوایل نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری موەلیدە بە (33.5) سی و سێ دینار و نیو بۆ مانگی شەش دیاریكرا، كەبە تێكڕایی موەلیدە ئەهلییەكان لەنێوان (160) بۆ (185) سەعات كاریان كردووە، بەمەش نرخی ئەمپێرێك كارەبا لەنێوان پێنج هەزار بۆ شەش هەزار و (250) دینار دەبێت."

ئاماژەی بەوەشداوە "بەپێی پێدانی كارەبای مۆلیدە نرخی ئەمپێڕێكیش لە گەڕەكێك بۆ گەرەكێكی دیكە جیاوازە".

لەراگەیەندراوەكەی قایمقامیەتی سلێمانیدا ئەوەش هاتووە "سەبارەت بەبەرنامەی كاركردنی موەلیدەكان بۆ مانگی تەمموز، هەركاتێك كارەبای نیشتمانی كوژایەوە پێویستە موەلیدە ئەهلییەكان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن‌، لەكۆبوونەوەكەشدا ئەو خاڵە دووپاتكرایەوە، كە پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی (10) خولەك زیاتر بەسەر كارپێكردنی موەلیدە تێنەپەڕێت، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار روبەڕوی یاسا دەكرێتەوە".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×