بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، دەروازەی باشماخ داخرا
  2020-07-09       1258       

دوای ئەوەی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە هەزاران دەروێش لە ئێرانەوە بە دەروازەی باشماخدا سنوریان بەزاندو هاتنە هەرێمی كوردستان، بە قسەی بەرپرسێكی دەرازەی باشماخ، بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، دەروازەكە بۆ ماوەی 24 سەعات داخراوە.

ئاوێنە: موختار حاجی عەلی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و هۆبەی راگەیاندنی سنوری نێودەوڵەتیی باشماخ، بە "روداو"ی راگەیاند، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی هاتنی مورید و دەروێشەکانی شێخ محەممەدی کەسنەزانی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بڕیاری داخستنی دەروازەی سنوریی باشماخی بۆ ماوەی 24 سەعات داوە.

ئەمڕۆ هەزاران دەروێش و موریدی شێخ محەممەدی کەسنەزانی بە شمشێر، خەنجەر و تەورەوە لە ئێرانەوە سنوری دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخیان بەزاند بەمەبەستی ئەوەی لە سلێمانی بەشداری لە پرسەی رێبەرەکەیاندا بکەن و پشتیوانیی خۆیان بۆ شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، جێگرەوەی رێبەرەکەیان دەرببڕن.

رۆژی 4ی تەمموزی 2020، شێخ محەممەدی شێخ عەبدولکەریم کەسنەزانی رێبەری تەریقەتی قادری لە تەمەنی 82 ساڵیدا لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×