پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا دەستیپێكرد
  2020-07-19       356       

پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا دەستیپێكرد ٢١٠٠ كەس خۆیان بۆ ٢٥٠ كورسی پەرلەمان كاندید كردووە.

ئاوێنه‌: لەدوای ساڵی ٢٠١١ و دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە ئەمە سێهەم هەڵبژاردنی پەرلەمانیە لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە ١٥ بازنە کە لە حەوت هەزار و ٣١٣ بنکە پێکدێت دیاریکراون، لیستی سەرەکیی بەرەی نیشتمانییە کە حیزبی بەعسی سووری سەرۆکایەتیی دەکات؛ ١٦٦ بەربژێری بەعس و ١٧ بەربژێری حیزبە هاوپەیمانەکانی لەخۆدەگرێت.

پەیوەست بە کوردیش، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کە ٣٠٪ـی خاکی وڵاتەکەی لەدەستدایە، رایگەیاندوە هەڵبژاردنەکان بایکۆت دەکەن و رێگەش بە دانانی سندووقی دەنگدان لە سنووری دەسەڵاتی خۆیان نادەن.

ئەوە جگە لەوەی هەڵبژاردن لە هەردوو پارێزگاکانی ئیدلب و رەققە و ناوچەکانی جەرابلووس، باب، ئەعزاز، عەفرین، کە لەژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکاندان ناکرێت. ئەمەش وادەکات هەڵبژاردنەکە تەواوی وڵاتەکە نەگرێتەوە و پەرلەمانی داهاتووی سووریا نوێنەرایەتی هەموو ناوچە و پێکهاتەکان نەکات.

سزاكانی قەیسەری ئەمەریكا كە مانگێك پێش ئێستا و لە ٢٠٢٠/٦/١٧ بەسەر سوریادا سەپێنرا، ئەو وڵاتەی كردوە بە جەستەیەكی مردوو بە دەست ڕوسیاوە كە نازانێت چۆن دەربازی بكات.

پەرلەمانی ئێستای سووریا لە کۆی ٢٥٠ پەرلەمانتار، ١٨٣ پەرلەمانتاریان لە پشکی حیزبی دەسەڵاتدارن. واتە تەنیا ٦٧ پەرلەمانتار لە دەرەوەی فراکسیۆنی ئەو حیزبەن کە ئەمانیش رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن ناگێڕن و بە لایەنگری حکومەت هەژمار دەکرێن.

لەنێویشیاندا نزیکەی ٢٥ بەربژێری کورد کە لە دەرەوەی حیزبە سیاسییە کوردییەکانی سووریا و رێڤەبەری خۆسەرن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×