توركیا بۆ جارێكی دیكە گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ ئێران راگرت
  2020-07-19       590       

ئاژانسی هەواڵی رەسمی ئێران رایگەیاند: لە ئەمڕۆ یەكشەممەوە توركیا گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ ئەو وڵاتە راگرتوە.

ئاوێنە: ئاژانسی ئیرنا بڵاویكردەوە، بەپێی ئاگاداركردنی حكومەتی توركیا، دەروازە ئاسمانییەكانی نێوان ئێران و توركیا لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممەوە جارێكی دیكە تاوەكو كاتێكی نادیار داخراون و هیچ گەشتێكی ئاسمانی لە ئێرانەوە بۆ توركیاو بەپێچەوانەشەوە ئەنجام نادرێت.

هەردو كۆمپانیای فڕۆكەوانی ماهان و قەشم-ی ئێرانی رایانگەیاند: توركیا لە چەند رێكارێكی نوێدا بەهۆی تەشەنەكردنی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا لە ئێران، گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان هەردو وڵاتی راگرتوە.

كۆمپانیا فڕۆكەوانییەكانی ئێران لە دو هەفتە لەمەوبەرەوە دەستیان كردبوەوە بە فرۆشتنی تكتی گەشتە ئاسمانییەكان بۆ توركیا، ئەوەش دوای ئەوەی لەسەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران گەشتەكان راگیرابون.

هێشتا بەرپرسانی توركیا لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێكیان نەداوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×