راوێژکاری کۆشکی سپی : ناتوانرێت هەرگیز کۆرۆنا بە تەواوەتی لەناو ببرێت
  2020-07-23       537       
راوێژکاری کۆشکی سپی بۆ کاروبارەی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رایگەیاند، ناتوانرێت هەرگیز کۆرۆنا بە تەواوەتی لەناو ببرێت.

ئاوێنه‌: ئەنتۆنیۆ فاوچی، سەرۆکی پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ  نەخۆشییە گوێزراوەکان و راوێژکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەمیانەی چاوپێکەوتێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی Cnbc-ی ئەمریکی رایگەیاند، “کۆرۆنا شتێک نییە کە بتوانرێت بە تەواوەتی لەناوببرێت، بەڵام سەرکردەکان و بەرپرسانی تەندروستی جیهانی دەتوانن کاریگەرییەکانی بۆ ئاستێکی نزم کەمبکەنەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “لەنێوان ئەو رێکارانەی کە بەمەبەستی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراوەتەبەر، پەرەپێدانی ڤاکسینێک لە دژی ئەو ڤایرۆسە لە هەمو رێگەکانی دیکە زیاتر جێگەی هیوایە”.

فاوچی ئەوەشی خستەڕو، “کۆرۆنا زۆر جیاوازترە لە ڤایرۆسی سارس کە لەسەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکدا بڵاوبوەوە و لەناوبرا، گواستنەوەی پەتای کۆڤید-19 لە یەکێکەوە بۆ  یەکێکی دیکە زۆر خێرایە، هاوکات ژمارەیەکی زۆری نیشانە لەسەر کەسی توشبو دەردەخات”.

لەبارەی ئەوەی ئایا دەکرێت لە داهاتودا وەک پەتای ئەنفلۆنزای ئاسایی لێبێت فاوچی رایگەیاند، “ئەو ئەگەرە زۆر دورە، چونکە کۆرۆنا خاوەنی چەند تایبەتمەندییەکە کە پێشتر هاوشێوەی نەبوە”.

لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا زۆرترین زیانی بەهۆی کۆرۆناوە لێکەوتوە، كە تیایدا چوار ملیۆن و ١٠١ هەزار کەس توشی پەتاکە بون، لەو ژمارەیەش ملیۆنێک و ٩٤٢ هەزار و ٨١٥ کەس چاکبونەتەوە، هەروەها ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بۆ 146 هەزار و ٨١٥ کەس بەرزبوەتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×