ئەڵمانیا سوپاسی حکومەتی عێراق دەکات
  2020-07-25       456       
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، هایکۆ ماس، سوپاسی حکوومەتی عێراق و دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەی کرد کە توانیان بەڕێوەبەری بەشی رۆشنبیری لە پەیمانگای گوتەی ئەڵمانیا، هێلا میڤیس رزگار بکەن کە لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراو لە بەغدا رفێنرا.
 
لەراگەیەندراوێکدا ئەحمەد سەحاف، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن کرد.

هاوکات سەحاف ئاماژەی بەوە کردووە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هایکۆ ماس سوپاسی فوئاد حوسێن، حکوومەتی عێراق و دەزگا ئەمنییەکانی کردووە بۆ بایەخپێدانیان بە پرسی رفاندنی چالاکوانی ئەڵمانی، هێلا میڤیس کە دوای ٧٢ کاتژمێر لە رفاندنی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە رزگارکرا.

 

شایەنی باسە ئەحمەد سەحاف روونیکردووەتەوە کە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لەگەڵ هایکۆ ماس، جەختی لەوە کردووەتەوە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و وەزیرە پەیوەندارەکان بە جدییەوە بەدواداچوونیان بۆ پرسی رفاندنی میڤیس کردووە، و ئەوەی حکوومەت کردوویەتی ئەرکی خۆی بەجێگەیاندووە.

وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە کە فوئاد حوسێن جەختی لە بەهێزی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و بەرلین کردوەتەوە و رژدبوونی وڵاتەکەی بۆ بەهێزترکردنی ئەو پەیوەندییانە دووپات کردووەتەوە.

جێی ئاماژەیە، بەڕێوەبەری بەشی رۆشنبیری پەیمانگای وتەی ئەڵمانی، هیلا مێڤیس شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممەی رابردوو لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراو لە نزیک شوێنی کارەکەی لە بەغدا رفێنرا.

ئەمڕۆش وتەبێژ بەناوی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان، لیوا یەحیا رەسول رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی عێراق هێلا میڤیس-یان رزگار کردووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×