مسته‌فا كازمی: ساڵانێکی زۆر لە کاولکاریی و گەندەڵی بە شەو و رۆژێک چارەسەر نابێت
  2020-07-28       474       
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە ئاراستەی گەلی عێراقی کرد، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد ساڵانێکی زۆر لە کاولکاریی و گەندەڵی و خراپ ئیدارەدان بە شەو و رۆژێک چارەسەر نابێت. جه‌ختیشی له‌وه‌كرده‌وه خۆپیشاندانی شەوی رابردووی گەنجان مافێکی ره‌وایه‌ و هێزە ئەمنییەکان مافی ئەوەیان نییە تەنانەت یەک فیشەک بەڕوویاندا بتەقێنن.

ئاوێنه‌: مسته‌فا كازمی له‌ په‌یامه‌ ڤیدیۆییه‌كه‌یدا رایگه‌یاند: "هەست بە ئازارێکی گەورە دەکەم کاتێک کە گەلەکەم لەناو گەرما دەبینم به‌هۆی کاولکاریی و خراپ ئیدارەدان لە کارەبادا، هیوا دەخوازم ئەگەر بەده‌ستم بووایە چارەسەرێکی سیحراوییم بکردبایە، بەڵام بەداخەوە، ساڵانێکی زۆر لە کاولکاریی و گەندەڵی و خراپ ئیدارەدان بە شەو و رۆژێک چارەسەر نابێت، ویژدان لەوەدا نییە کە داوا لە حکوومەتێک بکەن کە تەمەنی راستەقینەی تەنها دوو مانگە باجی ئەو فەرهوود و تاڵانییه‌ بدات کە گرووپ و حکوومەتەکانی پێشوو کردوویانە".

سه‌باره‌ت به‌ داواكاریی گه‌ل له‌باره‌ی قه‌یرانی كاره‌با، كازمی رایگه‌یاند: "لەگەڵ داواکاریی گەلدام بە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەوانەی بوونەتە هۆکاری ئەم نەهامەتییانە، چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ئەو لیژنەیە دەکەم کە بۆ پرسی کارەبا لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پێکهێنراوە، حکوومەت پەلەیەتی ئەو ئەنجامە بخاتە سەر لێکۆڵینەوەکانی خۆی تاوەکو ئەم دۆسیەیە بخرێتە بەردەم گەل و دادگا".

كازمی ئاماژه‌ی به‌ به‌ره‌وپێشچوون له‌ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی كاره‌بادا كرد و رایگه‌یاند: "حکوومەت لە چەند رۆژی رابردوودا واژووی گرێبەستی بەستنەوەی تۆڕی کارەبای بە تۆڕی کارەبای وڵاتانی کەنداو هەروەها لەگەڵ ئێران كردووه‌، ئێمە سوورین لەسەر جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە، بڕیاری ئێمە ئەوەیە غاز بەرهەمبهێنین بەمەبەستی وەگەڕخستنی وێستگەکان".

وتیشی: "تاوانی ئێمە نییە حکوومەتەکانی پێشوو وێستگەیان هاوردەکردووە کە به‌ غاز کاردەکات بەڵام کاری نەکردووە بۆ بەرهەمهێنانی غازی عێراق، چەند لایەنێک دەیانەوێت ئاستەنگ لەبەردەم ئەمەدا درووستبکەن، زۆر بە راشکاویی پێیان دەڵێم 'ئەم حکوومەتە دوای رژانی دەریایەک خوێن هاتووە و نابێتە هۆکاری رژانی خوێنی عێراقییەکان' ".

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند: "خۆپیشاندانی شەوی رابردووی گەنجان مافێکی ره‌وایه‌ و هێزە ئەمنییەکانی مافی ئەوەیان نییە تەنانەت یەک فیشەک بەڕوویاندا بتەقێنن، هەر فیشەکێک کە هاووڵاتییانمان بکاتە ئامانج کە داوای مافەکانیان دەکەن، فیشەکێکە ئاراستەی کەرامەتمان و بنەماکانمان دەکرێت، لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیرمان دەستپێکردووە لەبارەی رووداوەکەی گۆڕەپانی تەحریر، داوامکردووە لەماوەی ٧٢ کاتژمێردا راستییەکان بخەنە بەردەمم".

وتیشی: "لەیەکەم رۆژی راسپاردنمەوە ئەوەم راگەیاند کە خواستی پۆستم نییە وحکوومەتەکەم کاردەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و من سوورم لەسەر ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە، لە چەند رۆژی رابردوودا لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەدا ئەوەم راگەیاند کە پێویستە پەلە بکرێت لەمەدا، لێرەوە داوا لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەم یاسای هەڵبژاردن ئاراستەی سەرکۆمار بکات بۆ پەسه‌ندکردنی تاوەکو لە نزیکترین کاتدا وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بکەین، هەکەسێک گازندەی لە کارەکانی حکوومەت هەیە با چاوەڕوانی هەڵبژاردن بکات نەک پەکی بخات، ئەوەی خواستی پەکخستنی عێراقی نەبێت نایەت لە پشتی مێزەوە قسە بکات، پێویستە ئەوانە بێنە خوارەوە و خەڵکی ئامادە بکەن بۆ هەڵبژاردن، پێویستە هەموومان کار بکەین بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد و دادپەروەر کە نوێنەرایەتی ئیرادەی عێراقییەکان بکات".

مسته‌فا كازمی هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "لە ساتی وەرگرتنی پۆستەکەمه‌وه‌، سوێندم خواردووە پارێزگاری لەم ئەمانەتە بکەم و پارێزگاریشی لێدەکەم، تاوەکو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئازاد و بێگەرد، ئێمە دەڕۆین و کەسانی دیکە دێن، هەموومان دەڕۆین، ئەوەی گرنگە بەردەوامیی عێراقە، ئەوە پەیمانی منە بۆ ئێوە، دەستبەرداری نابم".

لە کۆتایی په‌یامه‌ ڤیدیۆییه‌كه‌شیدا كازمی رایگه‌یاند: "عێراق پێویستە لەسەر خواستی گەل بنیات بنرێت، نەک بە ئیرادەی دز و ئەوانەی لە یاسا دەرچوون و ئەوانەی بانگەشەی پشێویی دەکەن، هیچ شتێک نییە باشتر بێت له‌وه‌ی كه‌ گوزارشت لە خواستی هاووڵاتییان بکات جگە لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد کە لە نزیکترین کاتدا وادەكه‌ی رادەگەیەنین، هەرکەسێک بیەوێت ئیرادەی گەل پەک بخات بە ئیرادەی گەل دەرووخێت، لە هەموو هەنگاوەکانمان و ئامانجەکانماندا عێراقمان لەسەرووی هەموو شتێکەوە داناوە".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×