نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەی کازمی دەکات
  2020-08-01       418       

نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق دواى ئاشكراكردنى وادەى هەڵبژاردنى پێشوەخت لەلايەن سەرۆكوەزيرانى عێراقەوە پاڵپشتى خۆى بۆ ئەو بڕيارە راگەياند.

ئاوێنه‌: لەراگەیەندراوێکدا جێنین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق خۆشحاڵى خۆی بۆ ئاشكراكردنى وادەى هەڵبژاردنى پێشوەخت لەلايەن كازمييەوە دەربڕى و رايگەياند، “وەكو نەتەوەيەكگرتووەكان، ئامادەين پاڵپشتى ئەنجامدانى هەلبژاردنێكى ئازاد و شەفاف لە عێراق پێشكەش بكەين”.

هاوکات پلاسخارت هەر لەمبارەیەوە وتی، “هەڵبژاردنێکی بێگەرد و ئازاد و متمانەدار و گشتگیر، کە بەشێوەیەکی رێکوپێک ئەنجام بدرێت، دەتوانێت سیستەمی سیاسیی سەرلەنوێ رێکبخاتەوە و متمانەی گشتیش دروست بکات و دەنگ بۆ خەڵک دابین بکات و ئاواتەکانیشیان بۆ نوێنەرایەتییەكی باشتر بهێنێتەدی”.

نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین هێنیس پلاسخارت راشیگەیاند کە ئەمە ئەرکی حکومەت و پەرلەمان و پارتە سیاسییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەیە کە هاوبەشانە و بەیەکەوە هەڵبژاردنێکی رەوا و ئازاد و متمانەدار دەستەبەر بکەن.
سەرۆكوەزيرانى عێراق، مستەفا كازمى رێکەوتی ٦ی حوزەيرانى ٢٠٢١ى وەكو وادەی بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى پێشوەخت لە عێراق ئاشكراكردبوو.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×