هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕێککەوتنێکی نەوتیان لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی بواری نەوت واژۆکرد
  2020-08-01       658       

بەپێی دوایین زانیاریەکان، هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕێککەوتنێکی نەوتیان لەگەڵ کۆمپانیایەکی بواری نەوتی ئەمریکیدا واژۆ کردووە بە ناوی دەلتا کریسینت ئێنێرجی.

ئاوێنه‌: رێککەوتنەکە هەفتەی رابردوو لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و کۆمپانیای "دەلتا کرێسینت ئینێرجی"ـی ئەمریکی واژۆکرا. بەگوێرەی رێککەوتنەکە کۆمپانیا ئەمریکییەکە توانای بەرهەمهێنانی لە کێڵگە نەوتییەکانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا زیاددەکات و نەوتەکەش دەفرۆشێت. 
 
یەکێک لەو خاڵانەی کە تایبەتمەندییەک دەداتە رێککەوتنەکە بریتییە لە ئاگاداربوونی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس و هاندان و پاڵپشتیکردن لێی لەلایەن واشنتنەوە. 
 
رۆژی 29ی مانگی رابردوو لیندزی گراهام، سیناتۆری ناسراوی کۆمارییەکان و کەسایەتیی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ لەو بارەوە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) قسەیکرد. 
 
مەزڵووم عەبدی وردەکاریی لەبارەی رێککەوتنەکەوە بە گراهام راگەیاند و داوای لێکرد سەرۆکی ئەمریکاش لەو وردەکارییە ئاگاداربکاتەوە. 
 
لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان وتی، "دوێنێ لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزڵووم لە هەسەدە قسەمکرد. وادیارە ئەوان بە مەبەستی پەرەدان بە بیرە نەوتەکان لە باکووری رۆژهە‌ڵاتی سووریا رێککەوتنیان لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی واژۆکردووە . ئایا ئێوە پاڵپشتی لەو هەنگاوە دەکەن؟" پۆمپەیۆیش لە وەڵامیدا گوتی، "بەڵێ".
 
لیندزی گراهام لەبارەی رێککەوتنەکەوە ئاماژەی بەوە دا، "ئەوە بۆ یارمەتیدانی هەموو کەس لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا رێگەیەکی باش دەبێت". 
 
ئەو بابەتە رۆژی 30ـی مانگیش لە کۆنگرێس تاوتوێکرا، ئەوەش کاتێک مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکەی قسەیکرد. 

پێش دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011دا حکومەتی سووریا نزیکەی 380 هەزار بەرمیلی لە رۆژێکدا بەرهەم دەهێنا. بەشی زۆری نەوتی ئەو وڵاتە لە ناوچەی رمێلان لە رۆژئاوای کوردستان و دێرەزووری ژێر دەستی بەرێوەبەرایەتیی خۆسەردایە.
 
بەرپرسانی ئەمریکاش چەندین جار رایانگەیاندووە، سوپای وڵاتەکەیان لە نزیک کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەبن و رێگەنادەن ئەو بیرە نەوتانە بکەونەوە دەستی داعش یان ئەسەد یان هێزی دیکە.
 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×