سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح پشتگیری خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕاگەیاند
  2020-08-02       389       
هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لە بەیانامەیەکدا پشتگیری خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕاگەیاند و دەڵێت سەرەتای مانگی نیسانی داهاتوو باشترین کاتە.

ئاوێنه‌: ئەوە لەکاتێکدایە بەشێکی زۆری سەرکردە و لایەنە عێراقیەکان پشتگیری خۆیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕاگەیاندووە بەڵام هەر لایەک کاتێک پێشنیار دەکات.

هاوکات پرسی دەستوری بوونی دیاریکردنی رۆژەکە لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە بووە بە کێشە و بەشێک لە یاساناسان و پەرلەمانتاران دەڵێن لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیراندا نیە رۆژی هەڵبژاردن دیاریبکات.

ئەوە لەکاتێکدایە یەکەم رۆژی جەژن مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێڕاق رۆژی ٦ی حوزەیرانی داهاتووی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دیاریکرد.

دواتریش کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد کە ئامادەن لەو بەروارە هەڵبژاردنەکە ئەنجامبدەن.

ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ڕووبەڕووی چەند گرفتێک بووەتەوە لەوانە پرسی بودجەی هەڵبژاردنەکە و پرسی یاسای هەڵبژاردن و پرسی دادگای فیدراڵی.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×