2020-08-04   392     
لە میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٣٦ حاڵه‌تی نوێی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە چین و ٣٤ حاڵەتی نوێ لە کۆریای باشوور تۆماركراون.
ئاوێنە: بەپێی راگه‌یه‌نراوێکی كۆمیسیۆنی ته‌ندروستیی نیشتمانیی چین لە میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٣٦ حاڵه‌تی نوێی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لەو وڵاتە تۆمار کراوە کە شەشیان سه‌رچاوه‌ی تووشبوونیان دەرەوەی وڵات بووه.
لەو حاڵەتانەی لە ناوخۆی وڵات تووشبوون ٢٨یان لە هه‌رێمی ئۆتۆنۆمی سینجان ئویگور بوون، دووانیشیان لە ویلایەتی لیائۆنینگ تۆمارکراون.
له چین كه ناوه‌ندی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و په‌تا جیهانیه‌یه، تا ئێستا ٨٤ هه‌زار و ٤٦٤ حاڵەتی تووشبوون بەو پەتایە تۆمارکراوە و چوار هه‌زار و ٦٣٤ كه‌سیش به پەتاکە گیانیان له‌ده‌ستداوه.
بەپێی ماڵپەڕی “Worldometer”، ٧٩ هەزار و ٣٠ تووشبوو په‌تاكه‌یان تێپه‌ڕاندووه و چاكبوونه‌ته‌وه، ٨٠٠ كه‌سیش له‌ئێستادا چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن.
لە ١٦ی تەمووزدا لە هەرێمی ئۆتۆنۆمی سینجان ئویگور، یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە پەتاکە تۆمارکرا کە سەرچاوەکەی ناوخۆی وڵات بوو، تووشبووەکە کرێکاری کارگەیەک بوو لە ئورومچی پایتەختی هەرێمەکە کە هیچ گەشتێکی بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجام نەدابوو، بەو هۆیەوە رێوشوێنەکان توندکران و گەشتە ئاسمانییەکان لەو هەرێمەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی چین سنووردار کران.
له راگه‌یه‌نراوێكیدا كه له‌لایه‌ن ناوه‌ندی كۆنترۆڵ و رێگرییكردن له نه‌خۆشییه‌كان له كۆریای باشوور بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه كراوه کە لە میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٣٤ حاڵه‌تی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ تۆماركراوه كه ٢١یان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات توشبوون.
كۆی گشتیی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون له کۆریای باشوور بۆ ١٤ هه‌زار و ٤٢٣ حاڵەت به‌رزبووه‌ته‌وه و تا ئێستاش، ١٣ هەزار و ٣٥٢ کەس بەسەر پەتاکەدا سەرکەوتوون و چاکبوونەتەوە.
له كاتێكدا لە ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، هیچ كه‌سێك له کۆریای باشوور به‌هۆی ئه‌و په‌تایه‌وه گیانی له‌ده‌ست نه‌داوه، كۆی گشتیی حاڵه‌ته‌كانی گیانلەدەستدان بە پەتاکە گەیشتووەتە ٣٠١ حاڵه‌ت.