له ‌سلێمانی خێرخوازێک بە بەهای 325 هەزار دۆلار، ماڵی بەساڵاچوان دروستدەکات
  2020-08-08       959       

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لەسەر ئەرکی خێرخوازێک و بە بەهای 325 هەزار دۆلار ئەمڕۆ دەستدەکرێت بە دروستکردنی ماڵێکی نوێ بۆ خانەی بەساڵاچوان لە شارۆچکەی سیتەک، داواش لە خێرخوازان دەکەن لەو کەرتانەی خزمەت بە کەرتی گشتی دەکەن هاوکاری حکومەت بن.

ئاوێنه‌: کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لە سلێمانی رایگەیاند، هەرچەندە لەئێستادا خانەی بەساڵاچوان لەشاری سلێمانی بونی هەیە، بەڵام بینای خانەکە کۆنە و بۆ بەساڵاچوان نەگونجاوە، بۆیە سوپاسی ئەو خێرخوازە دەکەن کە لەسەر ئەرکی خۆی بڕیاریداوە ماڵێکی نوێ بۆ خانەی بەساڵاچوان لە شارۆچکەی سیتەک دروستبکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا واژۆ لەسەر رێککەوتنێک لە نێوان وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان و ئەو خێرخوازەدا کرا و دەست بە دروستکردنی ماڵی نوێی بەساڵاچوان دەکرێت.

بە گوێرەی زانیارییەکان بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی سلێمانی بەرنامەی ئەوەی هەیە لەمەودوا بەشی بەساڵاچوان بکرێت بە دو خانەی نوێ، بەشی یەکەم بۆ بەساڵاچوانی ئاسایی و بەشێکی نوێش بەناوی بەساڵاچوانی پەکەوتە دەکرێتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×