كۆسرەت رەسول داوا دەكات دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان چارەسەر بکرێت
  2020-08-08       654       
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوا لەلایەن سیاسییەكان دەكات، هەوڵەكانیان یەكبخەن بۆ چارەسەركردنی دۆخی كوردستان و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان.

ئاوێنە: كۆسرەت رەسول عەلی، ئەمڕۆ شەممە 8-8-2020 پەیامێكی ئاڕاستەی محەمەدی حاجی مەحمود- كرد بەبۆنەی 44هەمین دامەزراندنی حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان.

دەقی پەیامەكە/

برای بەڕێزم كاك محەمەدی حاجی مەحمود
سڵاوێكی گەرم..

لە "44"ەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، بەناوی خۆم و هەڤاڵانم لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاراستەی جەنابت و سەرجەم هەڤاڵانتان لە ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و دۆست و لایەنگرانتان دەكەم، ئاواتەخوازم ساڵ لەدوای ساڵ لە گەشەسەندن و پێشكەوتنی بەردەوامدا بن.

حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستاندا خاوەنی مێژوویەكی پڕشنگدارو سەروەری گەورەیە، چ لە خەباتی شاخ و چ لە سەردەمی حوكمڕانی خۆماڵی لەشاردا، لە "44" ساڵی تەمەنی پڕ بەخششی حزبەكەتاندا، توانیوتانە رۆڵێكی جوامێرانەو شۆڕشگێڕانە بگێڕن و دەیان و سەدان پێشمەرگەو قارەمانی سۆسیالیست لەپێناو خەباتی رەوای گەلەكەماندا هاوشانی برا پێشمەرگەكانیان لە هێزو لایەنە سیاسییەكان خەباتیان كردووەو قوربانیان داوە بۆ ئازادی و دیموكراسی گەلەكەمان.

ئەمڕۆ لە "44"ەمین ساڵیادی دامەرزاندنی حزبە تێكۆشەرەكەتان، لە پاڵ دووبارە پیرۆزباییم بۆتان، جەخت لە پەرەپێدان و فراوانتركردنی پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوانمان لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان دەكەمەوەو بە دەرفەتیشی دەزانم ئەم یادە پیرۆزەتان بكەمە وێستگەیەك تا رایبگەیەنم بۆ دۆخی ئەمڕۆی كوردستان و عێراق و ناوچەكە لە هێزو لایەنە سیاسییەكان دەخوازێ یەكگرتوو بین و لە نزیكترین كاتدا كێشەكان چارەسەر بكەین و كۆتایی بە ناكۆكی سیاسی بێنین، هەوڵەكانمان یەكبخەین بۆ چارەسەركردنی دۆخی كوردستان و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان.
لەگەڵ رێزم


كۆسرەت رەسول عەلی
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×