دەربارەی موچەی فەرمانگە فیدراڵییەكانی هەرێم، پەرلەمانتارێك داوای رونكردنەوە لەحكومەتی عێراق دەكا
  2020-08-24       545       

غالب محەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی موچەی چەند فەرمانگەیەكی فیدراڵییەوە لە هەرێم داوای رونكردنەوە لە حكومەتی عێراق دەكا، هەروەك داواشدەكا موچەی ئەو فەرمانگانە، لەڕێگەی "كی كارد" یاخود "ماستەر كارد"ە بدرێت بۆ ئەوەی بەدوربێت لە ناكۆكییەكان سیاسییەكانی نێوان بەغداو هەرێم.  

ئاوێنە: غالب محەمەد، لە نوسراوێكدا كە ئاڕاستەی وەزیری دارایی و هەروەها وەزیری ناوخۆی حكومەتی عێراقی كردوە، وتویەتی"داوای رونكردنەوە لە بەڕێزتان دەكەم سەبارەت بە میكانیزمی خەرجكردنی موچەی هەریەكە لە فەرمانگەكانی پاسپۆرت و نشینگەو رەگەزنامە، كە لە هەرێمی كوردستانن."

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان لە نوسراوەكەیدا پرسیویەتی"ئایا خەرجكردنی موچەی ئەو فەرمانگانە هەمو مانگێكە یاخود 40 رۆژ جارێكە؟ ئایا رێژەی لەسەدا 21یان لێدەبڕدرێت؟"

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو"خۆم لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمم پرسیوە سەبارەت بە میكانیزمی خەرجكردنی موچەی ئەو فەرمانگانە، وەڵامیان ئەوەبو كە حكومەتی فیدراڵ موچەكانی نەناردون."

غالب محەمەد وتوشیەتی"داوا لە بەڕێزتان دەكەم كە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی ئەو فەرمانگانە دەبێت لەڕێگەی كی كارد یاخود ماستەر كارد-ەوە بێت، بۆ ئەوەی موچەكانیان بەدور بێ لە ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم."

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×