مالیکى و عامرى لەهەوڵدان بۆ دروستکردنى هاوپەیمانێتییەک بۆ بەرهەڵستیکردنى کازمى
  2020-08-25       381       

نورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا و هادى عامرى سەرۆکى هاوپەیمانى فەتح لەهەوڵدان بۆ دروستکردنى هاوپەیمانێتییەکى چاوەڕوانکراو بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى داهاتوو، بەرهەڵستیکردنى حکومەتى ئێستا.

ئاوێنه‌:  بەگوێرەى راپۆرتێكی رۆژنامەى مەداى عێراقى ماوەى زیاتر لە مانگێکە مالیکى و عامرى بەردەوامیانداوە بەکۆبوونەوەکانیان لەگەڵ کوتلە و لایەنە سیاسییەکان کە بەشێکیان خاوەنى گروپى چەکدارین، ئەوەش بەمەبەستى پێکهێنانى هاوپەیمانێتى یان بەرەیەکى بەرهەڵستکارى حکومەتەکەى کازمى، بەڵام تا ئێستا هەوڵەکان نەگەیشتوون بە ئەنجام.  


کاتع روکابى ئەندامى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا ڕایگەیاند "گفتوگۆ و راوێژەکان لەنێوان مالیکى و عامرى و کوتلە سیاسییەکانى دیکە بەردەوامە بەبێ وەستان، وەک ئامادەکارییەک بۆ پێکهێنانى هاوپەیمانێتى یان کوتلەیەک لەداهاتوودا بە ئامانجى بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پێشوەختەى پەرلەمان".  

هەروەها بەدوریزانیوە هەڵبژاردن لەوادەى خۆیدا لە حوزەیرانى داهاتوو بەڕێوەبچێت بەهۆى "تەواونەکردنى یاساى هەڵبژاردن و دادگاى فیدراڵى، خراپى دۆخى ئەمنى پارێزگاکانى باشور".  

ئەو پەرلەمانتارە جەختیکردووەتەوە، وردەکاریی ئەو هاوپەیمانێتى و کوتلەیە بەپلەى یەکەم وەستاوەتە سەر شێوەى یاساى هەڵبژاردن کە بەکردەیی شێوازى کوتلە و هاوپەیمانێتییەکان دیاریدەکات.  

ئاماژەکانى ناکۆکى و بەرهەڵستکارى بەشێک لە لایەنەکان لەسەر حکومەتەکەى کازمى، دواى چەند هەنگاوێک دەرکەوتن کە تاییەت بوون بە کەمکردنەوەى خەرجى و بڕینى موچەى زیندانیانى سیاسی و ئەوانەى بە رەفحا ناسراون، لەگەڵ پێداچونەوە بە پلە تایبەتەکان و کۆنترۆڵکردنى خاڵە سنورییەکان.  

  


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×