2020-08-29   516     
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ و ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنەکە کرد.
ئاوێنه: بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانی دیدارەکەدا کازمی ئاماژەی بە گرنگی بابەتی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق کردووە و رایگەیاندووە هەر پاشەکشەیەک لە دەستکەوتەکانی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئاماژەیەکی مەترسیدارە و حکوومەت کار دەکات بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، ئەمەش یەکێکە لە کارە هەر لەپێشینەکانی و ئەرک و پابەندییەکانییەتی بەرامبەر بە گەل.
کازمی رایگەیاندووە، بە غەم و توڕەییەوە دەڕواننە ئەو پێشێلکارییانەی لێرە و لەوێ دژ بە مافەکانی مرۆڤی عێراقی ئەنجام دەدرێن و کاری یەکەمی حکوومەت بەرگرییکردنە لە مافەکانی هاووڵاتییان و شکۆیان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیکردووەتە کە حکوومەت بە کردەیی یەکەم هەنگاوی ناوە دژ بەو پێشێلکارییانەی لەبەرامبەر مافەکانی مرۆڤ لە خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو ئەنجامدران و لەم رووەوە سەرژمێرییەکی وردەی سەرجەم قوربانییانی ئەو رووداوەی لە کوژراو و بریندار کردووە و ئاماژەی بەوەشکردووە کە حکوومەت بەردەوامە لە رێککارە یاساییەکان، و کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکەی یاسادان و جێبەجێکردن لیژنەیان پێکهێناوە بۆ دەرخستنی راستییەکان.
کازمی ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ کاری ئاشکراکردنی هەر دەستدرێژییەکە کە لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە بکرێتە سەر هاووڵاتییان و بەرپرسە لە گەیاندنی پەیامی رۆشنبیری بە هاووڵاتییان.
لەلای خۆیەوە، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، عەقیل موسەویی راپۆرتێکی لەبارەی رۆڵی کۆمیسیۆنەکە و کارەکانیان پێشکەش بە کازمی کردووە و ئاماژەی بەوە سەرپێچیانە کردووە کە لەماوەی رابردوودا دژ بە مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین ئەنجامدراون.
موسەویی ئەو ئاڵنگارییەنایەشی خستووەتە روو کە رووبەڕووی کارەکانی کۆمیسیۆنەکە دەبنەوە.
لە بەرامبەردا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆمیسیۆنەکەی راسپاردووە بە بەردەوامیدان بە کارەکانیان بە سەربەخۆیی و پێشەییانە و پارێزگاری لە پلانەکانیان بکەن و هەموو پاڵپشتییەکیشی بۆ کارەکانی کۆمیسیۆنەکە دووپات کردووەتەوە.