2020-09-10   371     
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاگرێکی گەورەی دیکە لەکۆگایەکی هەڵگرتنی نەوت و تایەی ئۆتۆمبێل لەبەیروتی پایتەختی لوبنان کەوتەوە و تائێستا کۆنترۆڵ نەکراوە.
ئاوێنه: ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەکی سەربازی لوبنانەوە بڵاویکردەوە، ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی سوتەمەنی و تایەی ئوتومێل لە بەندەری بەیروت کەوتوەتەوە و بەهۆیەوە تەقینەوەیەکی گەورە رویداوە و ناوچەکانی نیشتەجێبونی دەوروبەری بەندەرەکە وێرانبوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەقینەوەکە لە ناوچەی حورە لە بەندەری بەیروت کەوتوەتەوە و ستونی دوکەڵی ئاگرەکە گەیشتوەتە ئاسمانی شارەکە، تا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بەتەواوەتی نەزانراوە.
ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە بڵاویکردەوە، سوپای لوبنان لە بەندەرەکە بڵاوبونەتەوە و هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن، تا ئێستا نەزانراوە ئاگرکەوتنەوەکە بە مەبەست بوە یاخود نا.
ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەهۆی ئەو تەقینەوە بچوکانەی کە لەئەنجامی ئاگرەکەوە رودەدەن ناچاربونە بکشێنەوە و لە جێگەی ئەوە سوپای لوبنان ئەرکی کوژانەوەی ئاگرەکەی لە ئەستۆ گرتوە.