مەسرور بارزانی: تا ئێستا ژێرخانێكی تەندروستی لە كوردستان بونی نەبوە
  2020-09-21       372       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، تاوەكو ئێستا ژێرخانێكی تەندروستی لە كوردستان بونی نەبوە. ئاشكراشیكرد، لەو كاتەوەی پەتای كۆرۆنا هاتۆتە هەرێم زیاتر لە 45 ملیار دینار لەلایەن حكومەتەوە بۆ روبەڕونەوەی پەتاكە خەرج كراوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ دوشەممە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر سەردانی سەنتەری هەماهەنگیی فریاکەوتن (122) و بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێنی کرد.
مەسرور بارزانی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی"ئێمە زۆر مەبەستمانە گرنگییەکی زۆر بە کەرتی تەندروستی بدەین بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتێکی باشتر بە هاوڵاتییانی خۆشەویست بگەیەنین."

وتیشی"ژێرخانێکی تەندروستیی لە سەر بنەمای ستانداردی جیهانی لە کوردستان تا ئێستا بونی نەبوە.  ئێمە هەمو هەوڵێک دەدەین لە گەڵ وەزارەتی تەندروستی و پسپۆڕەکان بۆ ئەوەی بتوانین گەشە بەم کەرتە بدەین تا بتوانن زیاتر خزمەتی هاوڵاتیان بکەین."

ئەوەشی خستەڕو: ئێمە لە حکومەت ئەم ماوەیە بۆ کڕین و دابینکردنی پێداویستییەکانی خەستەخانەو ئامێری پێویست، نزیکەی 23 ملیار دینارمان خەرج کردوە بۆ دابینکردنی سیتی سکان و ئێم ئاڕ ئای و ئەو پێداویستییە پزیشکییانەی لە خەستەخانەکان پێویستیان پێی هەبوە. هەروەها 40 ملیار دیناریش بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە لایەن حکومەتەوە تەرخان کراوە.

هەروەك وتیشی"لەم ماوەیەی کە پەتای کۆرۆناش هاتوەتە کوردستان زیاتر لە 45 ملیار دینار لە لایەن حکومەتەوە لە هەمو شارو شارۆچکەو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان خەرج کراوە بۆ ئەوەی ڕوبەڕوی ئەو پەتایە ببینەوە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×