"ئەلحوڕە": ئامادەكاریی دەكرێت بۆ هەڵكوتانە سەر ناوچەی سەوز لە بەغدا
  2020-09-30       792       

كەناڵی "ئەلحوڕە" لەزاری سەرچاوەیەكی باڵای هەواڵگری عێراقەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، بڵاویكردەوە كە هاوكات لەگەڵ ساڵیادی دەستپێكی خۆپیشاندانە ناڕەزاییەتییەكانی عێراقدا، لایەنگرانی بەشێك لە میلیشیاكانی سەربە ئێران ئامادەكاری دەكەن بۆ هەڵكوتانە سەر ناوچەی سەوز لە بەغدا. 

ئاوێنە: سەرچاوەكە بە كەناڵی "ئەلحوڕە"ی راگەیاند"لەچەند رۆژی رابردودا، لایەندارانی حزب و میلیشیاكانی نێو هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری، چەندین خێمەیان لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا هەڵداوە."

گۆڕەپانی تەحریری بەغدا بەدرێژایی چەند مانگێك ناوەندی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی شارەكە بو كە داوای دەستلەكاركێشانەوەی دەسەڵاتدارانی وڵات و رەتكردنەوەی دەستوەردانی ئێرانیان لە عێراق دەكرد.

هاوپەیمانی فەتح، چەند حزب و لایەنێكی سەربە ئێران لەخۆدەگرێت لەوانە رێكخراوی بەدر و میلیشیاكانی عەسائیبی ئەهلی هەق.

سەرچاوە باڵاكەی هەواڵگری عێراق، وتویەتی: كۆمەڵێك لە لایەندارانی رەوتی سەدر-یش پشتیوانی لەو هەنگاوەی لایەنەكانی فەتح دەكەن و ئەوەشی خستۆتەڕو"ئامانج لەو هەنگاوە ئامادەكارییە بۆ ئەنجامدانی رێپێوانێكی گەورە لە گۆڕەپانی تەحریرەوە بەرەو ناوچەی سەوز لە رۆژی 1ی تشرینی یەكەم(سبەی)."

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەو لایەنانە دەیانەوێت ئەو یادە بقۆزنەوە بۆ هەڵكوتانە سەر ناوچەی سەوز و هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لەلایەن لایەندارانی هێزەكانی نزیك لە ئێرانەوە.

لەمانگی 12ی ساڵی رابردو لایەنگرانی بەشێك لە میلیشیا عێراقییەكان هێرشیان كردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و توانیان دیواری دەرەوەی باڵیۆزخانەكە ببڕن و یەكێك لە خاڵە ئەمنییەكانی دەروازەكەی گڕتێبەردەن.

بەگوێرەی كەناڵەكە دەسەڵاتدارانی عێراق لەماوەی چەند سەعاتی رابردودا چەند هێزێكی ئەمنیان لەنێو ناوچەی سەوزی بەغدا بڵاوەپێكردوە. 

ئەوەش لەكاتێكدا كە ئەمڕۆ 25 باڵیۆزی وڵاتانی عەرەبی و رۆژئاوایی، نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە بەرزبونەوەی ژمارەی هێرشەكان بۆ سەر نێردە دیپلۆماتییەكان لەعێراق.
ئەمریكا هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەكەی لەبەغدا كردوە ئەگەر هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر نێردە دیپلۆماتییەكان رانەگیرێن.

ئەمڕۆش فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، داوای لە ئەمریكا كرد بە بڕیاری كشانەوەی دیپلۆماتكارانیدا لە بەغدا بچێتەوەو ئەو بڕیارەشی بە "مەترسیدار" ناوبرد.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×