لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: وەزارەتی دارایی بیری لە دۆزینەوەی رێگاچارەیەکی بەپەلە نەکردوەتەوە بۆ دابینکردنی موچە
  2020-10-05       456       
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بیری لە دۆزینەوەی رێگاچارەیەکی بەپەلە نەکردوەتەوە بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران، هاوکات روانگەیەکی رونی نیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی لە وڵاتدا.

ئاوێنه‌:  ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، لیژنەی دارایی پێشنیازەکانی خۆی بۆ پرۆژەیاسای چاکسازی ئامادەکردوە کە خۆی دەبینێتەوە لە زیادکردنی داهات و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەی ئێستا وڵات پێیدا تێپەڕدەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا پەرلەمان چاوەڕیی ئەو پرۆژەیەی چاکسازیە دەکات کەبڕیارە حکومەت رەوانەی بکات.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەیە هاوکاری دەسەڵاتی جێبەجێکردن بکات بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی ، "بەڵام وەزارەتی دارایی لەدۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ دابینکردنی موچە پەلە ناکات و روانگەیەکی رونی نیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی".

ئەوە لەکاتێکدایە 28ـی ئەیلولی ئەمساڵ وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، پابەندن بە گەرەنتیکردنی موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت و لەئێستادا هەموو هەوڵەکانی وەزارەت چڕکراونەتەوە بۆ پابەندبوون بە پێدانی موچە لە وادەی خۆیدا، هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی موچەش بۆ بەردەستنەبونی پارەی نەختینەیی "سیولە" لە هەژماری وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×