مستەفا كازمی لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لە دوبارەبوونەوەی هێرشی موشەكییەكان پێكهێنا
  2020-10-06       300       

سەرۆك وەزیرانی عێراق لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لە دوبارەبوونەوەی هێرشی موشەكییەكان پێكهێنا.

ئاوێنه‌:  مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە نوسراوی ژمارە (270) كە لە 3ی تشرینی یەكەم دەرچووە فەرمانی پێكهێنانی لیژنەكەی بە ئەندامێتی فەرماندە و كەسی یەكەمی دەزگا ئەمنییەكان دەركردووە و مەبەست لێی "لێكۆڵینەوەیە لەو پێشێلكارییە ئەمنییانەی ئاسایشی عێراق و هەیبەت و ناوبانگ و پابەندییە نێودەوڵەتییەكانی دەكاتە ئامانج".

لیژنەكە لەلایەن قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانیی سەرۆكایەتی دەكرێت و هەریەك لە فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و عەبدولغەنی ئەسەدی، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی و عەبدولئەمیر ڕەشید یاروڵا، سەرۆكئەركانی سوپا و ژمارەیەك بەرپرس و پلەداری دیكە ئەندامن تیایدا.

بەپێی فەرمانەكەی كازمی پێویستە لیژنەكە لەماوەی 30 ڕۆژدا لێكۆڵینەوەكانی تەواو بكات و ئەنجامەكەی بخاتە بەردەم سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان.

زیادبوونی هێرشە موشەكییەكان بۆ سەر ناوچەی سەوز و فڕۆكەخانەی بەغداد و بەتایبەتیش باڵیۆزخانە و بنكەی هێزەكانی ئەمریكا، نیگەرانیی دەسەڵاتدارانی واشنتن و بەغدادی لێكەوتووەتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×