كەنەدا فرۆشتنی تەكنەلۆژیای فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانى بەتوركیا ڕاگرت
  2020-10-06       446       

 کەنەدا هەناردەکردنی سیستەمی تەکنەلۆژیی تایبەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە تورکیا راگرت، بۆ ئەوەی کاتێکی زیاتری هەبێت بۆ بەدواداچوون، تاوەكو بزانن تەكنەلۆژیاكە لەشەڕی ئازاربایجان و ئەرمینیا بەكارهێنراوە یاخود نا.

فرانسوا فیلیپ شامپەین، وەزیری دەرەوەی کەنەدا ڕۆژی دووشەممە، 5-10-2020، لە راگەیەندراوێکدا گوتی "رێگەپێدانی هەناردەکردنی سیستەمی تەکنۆلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانم بە تورکیا راگرتووە، بۆ ئەوەی کاتێکی زیاتری هەبێت بۆ بەدواداچوون".

 شەڕی ئەو دوو وڵاتە لەسەر ناگۆرنی  قەرەباخە، کە هەرێمێکی کێشەلەسەرە و بە فەرمی سەر بە ئازەربایجانە بەڵام لەلایەن ئەرمینییەکانەوە بەڕێوەدەبردرێت، تورکیا پشتگیریی ئازەربایجان دەکات لە شەڕەکەدا.

هەفتەی رابردوو بڵاوکرایەوە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی لەلایەن ئازەربایجانەوە بەکارهاتوون، سیستەمی بەئامانجکردن و وێنەیان لەلایەن کۆمپانیای ئێڵ سری هایس ویسکام دروستکراوە، کە کۆمپانیایەکە بنکەکەی لە کەنەدایە، میدیاکانی کەنەدا بڵاویان کردووەتەوە، کۆمپانیای ویسکام ئەمساڵ رێگەی پێدراوە حەوت جۆر سیستەم بداتە ئەو فڕۆکە تورکییە بێفڕۆکەوانانەی لەلایەن کۆمپانیای بەیکەر بەرهەمدەهێنرێن.

شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا گەیشتووەتە لووتکە و لەماوەی هەفتەی رابردووەوە سەدان کەس لەو شەڕەدا کوژراون. 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×