ژوری بازرگانی سلێمانی: کۆمپانیا ئێرانی‌و تورکییەکان بەسەر بازاڕەکانی هەرێم‌و عێراقدا باڵادەستن
  2020-10-06       823       
سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی ده‌ڵێت، کۆمپانیا ئێرانی‌و تورکییەکان بەسەر بازاڕەکانی هەرێم‌و عێراقدا باڵادەستن. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ هەرچەندە ئێران دراوەکەی بەها لەدەست بدات، کاڵاکانی گرانتر دەکات‌و ڕێگە بەهەرزان فرۆشکردنی بەرهەم‌و کاڵاكانی‌ نادات.

ئاوێنه‌: سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی به‌دەنگی ئەمەریکای‌ راگه‌یاندووه‌، "هیچ یاسایەک لەهەرێمی کوردستان بونی نییە پارێزگاری لەبەرهەمی ناوخۆیی بکات، بۆیە بازرگانەکان توشی زەرەر دەبن، بازرگانە ئێرانی و تورکیەکان مەجالی بازرگانە ناوخۆییەکان لەزۆر بواردا نادەن، چونکە حکومەتەکانیان پارێزگاریان لێدەکەن و دەعمی باشیان دەکەن، پارەیان بۆ دەدەن، لە ناردنی پارەدا بۆ دەرەوەی وڵات هاوکاریان دەبن."

وتیشی‌، "هەرێم نەیتوانیووە یاسایەکی وا دەربکات پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆیی بکات، دەرگاکانی هەرێم لەئاست بەرهەمی هاوردەکراو کراوەن، زۆرجار بازرگان و جوتیارە کوردەکان زەرەری گەورە دەکەن، چونکە لە ناوەوە و دەرەوەش دژایەتی دەکرێن."

سسیروان محەمەد، ڕوونیکردەوە هیچ بانکێک لەهەرێمی کوردستان بوونی نییە، دەعمی بازرگان و جوتیارەکان بکات، هەموویان لەگیرفانی خۆیان دەیدەن، لەکاتێکدا لە زۆرێک لە وڵاتان، بانکەکان بەڕووی بازرگانەکاندا کراوەن و بە قازانجێکی کەم پارەیان پێ دەدەن، وتیشی" زۆر کۆمپانیای تورکی و ئێرانی بەرهەمی ناوخۆیان نییە، دەچن لە وڵاتانی ترەوە کاڵاو شمەک دەهێنن بۆ عێراق و هەرێم و دژایەتی بازرگانەکانی ئێرە دەکەن."

سەبارەت بە باڵادەستبوونی بازرگانە ئێرانی و تورکیەکان بەسەر بازاڕەکانی عێراق و هەرێم، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی وتی"باڵادەستبوون، چۆن باڵادەست نابن، سەیری بەرهەمەکان بکە، هەمووی ئێرانی و تورکین، مەجالی بازرگانی ئێمە نادەن هەناسە بدات، چونکە ئێمە هیچ دەعمێکمان نییە، تابتوانین رکابەری کۆمپانیا بیانیەکان بکەین."

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی سسلێمانی، ڕوونیکردەوە بێ موچەیی، وای لە خەڵکی کوردستان کردووە ئیفلیج بێت، گەر حکومەت دەعمی کەرتی تایبەت نەکات، هەلی کار نەڕەخسێنێ بۆ خەڵک، زەمینە بۆ کارگە و بازرگان و جوتیارەکان خۆش نەکات، لەوانەیە کارەساتی خراپتر ڕوو بدات.

لەکۆتایی قسەکانیدا سیروان محەمەد باسیلەوەکرد كه‌ هەڵکشان و داکشانی بەهای تمەن و لیرەی تورکی، کاریگەری لەسەر پرۆسەی بازرگانی نییە، ئێرانیش هەرچەندە دراوەکەی بەها لەدەست بدات، کاڵاکانی گرانتر دەکات و ڕێگەنادات بەهەرزان فرۆشکردنی بەرهەم و کاڵای وڵاتەکەی.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×