2020-10-07   376     
دیوانی وەقفی سونی ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، لە هەینی داهاتووەوە نوێژی هەینی لە مزگەوتەكانی سەرجەم شارەكانی عێراق دەستپێدەكاتەوە.
ئاوێنه: فەرمانگەی دامەزراوە ئاینی و خێرخوازییەكانی سەر بە وەقفی سونی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، ڕەزامەندی وەرگیراوە لەسەر دەستپێكردنەوەی نوێژی هەینی لە سەرجەم مزگەوتەكانی سەر بە دیوانی وەقفی سونی.
ئەو هەنگاوە پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی دیوانەكە بووە لە لایەنە پەیوەندیدارەكان لەگەڵ ڕەچاوكردنی پابەندبوون بە ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەك ئەوەی لە بەیاننامەكەدا هاتووە.
فەرمانگەكە چەند ڕێنماییەكیشی بڵاوكردووەتەوە، لەوانە كردنەوەی مزگەوتەكان نیو كاتژمێر بەر لە نوێژ دەبێت و وتار خوێندن نابێت لە 10 خولەك زیاتربێت و ڕەچاوی ڕێوشوێنەكانی پاراستنی تەندروستی بكرێت، وەك بەستنی كەمامە و پاكژكردنەوە و دووری نێوان نوێژخوێنان، هەروەك مزگەوتەكان پێنج خولەك پاش كۆتاییهاتنی نوێژ دادەخرێت.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، حکومەتی عێراق بۆ رێگرییكردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە لە مانگی ئازاری ڕابردووەوە، زنجیرەیەک رێکاری گرتەبەر لەوانە قەدەغەکردنی هاتوچۆ، راگهیاندنی پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن، داخستنی مزگەوت و شوێنە گشتییەکان، هەروەها وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی دەروازە سنوورییەکان.