ئەمریكا: هەر وڵاتێك چەك بە ئێران بفرۆشێت سزای بەسەردا دەسەپێنین
  2020-10-18       596       

ئەمڕۆ یەكشەممە، لەگەڵ كۆتاییهاتنی ماوەەی سزاكانی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ مامەڵەی چەك لەگەڵ ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هۆشداری دا كە هەر وڵاتێك چەك بە ئێران بفرۆشێت روبەڕوی سزای وڵاتەكەی دەبێتەوە.

ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، وڵاتەكەی دەسەڵاتەكانی ناوخۆی بەكاردەهێنێت بۆ ئەوەی سزا بەسەر هەر كەس و لایەنێكدا بسەپێنێت كە چەك بە ئێران بفرۆشێت یاخود بۆی بنێرێت.

بەپێی قسەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بەنیازە فەرمانێك دەربكات بۆ سزادانی ئەو كەسانەی پێچەوانەی سزا سەپێنراوەكانی چەك بەسەر ئێراندا مامەڵە دەكەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەداوە كە لە 19ی ئەیلولی ئەمساڵەوە سەرجەم سزاكانی نەتەوە یەكگرتوەكان لەنێویشیاندا سزای قەدەغەكردنی مامەڵەی چەك، بەسەر ئێراندا سەپێندراونەتەوەو لەسەر ئەم بنەمایەش ناردنی چەك بۆ ئێران پێشێلی بڕیاری 1929ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و كڕینی چەكیش لەلایەن ئێرانەوە پێشێلی بڕیاری 1747ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە.

ئەمریكا رۆژی 19ی ئەیلول لە بەیاننامەیەكدا بەڕەسمی سەپاندنەوەی سزاكانی نەتەوە یەكگرتوەكانی بەسەر ئێراندا راگەیاند ئەوەش لەسەر بنەمای رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان وڵاتانی زلهێزو ئێران كە واشنتۆن لێی كشاوەتەوە.

بەیاننامەكەی ئەمڕۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەكاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەكدا پێشوازی كردبو لە كۆتاییهاتنی سزاكانی نەتەوە یەكگرتوەكانی بۆ مامەڵەی چەك لەگەڵ وڵاتەكەی.

هاوكات مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەتویتێكدا نوسیویەتی: هیچ وڵاتێك كە خوازیاری رۆژهەڵاتێكی ناوەڕاستی ئارامە نابێت چەك بە ئێران بفرۆشێت، هەر چەكێك رژێمی ئێران بیكڕێت دەخرێتە خزمەت ئایدلۆژیا توندڕەوەكەی ئەو وڵاتەوە.

پۆمپیۆ وتوشیەتی"ئێمە ئامادەین دەسەڵاتی ناوخۆیی خۆمان بەكاربهێنین بۆ سزادانی ئەو لایەن و كەسانەی كە چەك بە ئێران دەفرۆشن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×