خانەوادەی مەزڵوم داغ‌و عەبدولڕەحمان ئەر نامەیەکی کراوە ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی ده‌كه‌ن
  2020-10-20       1737       
خانەوادەی مەزڵوم داغ‌و عەبدولڕەحمان ئەر، کە بەتۆمەتی کوشتنی بەرپرسێکی كونسوڵخانه‌ی‌ توركیا لەهەولێر سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە، نامەیەکی کراوەیان ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی کردووه‌و داوا ده‌كه‌ن سزای‌ له‌سێداره‌دانیان ڕابگیرێت.

ئاوێنه‌: له‌به‌شێكی‌ نامه‌كه‌دا هاتووه‌، "سەرۆکی بەڕێز؛ ڕۆژی ١٧ی تەمموزی ٢٠١٩ لەعێراق، لەهەولێری پایتەختی هەرێمی باشوری کوردستان ڕوداوێکی مردن ڕویدا، دوای ماوەیەکی کورت چەند گەنجی کورد لە ناویاندا عەبدولڕەحمان ئەری برازام و مەزڵوم داغی هاوڕێی دەستگیرکران، کە ئەم دوو کەسە ڕۆژی ١١ی شوباتی ٢٠٢٠ لە ئەنجامی دادگاییکردنێکی کورتدا لەلایەن دادگای هەولێرەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا، ئەم بڕیارە بە شێوەیەکی بەپەلە ڕەوانەی دادگای باڵا کرا و لە ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٠ـدا ئەم سزایە لەلایەن دادگای باڵای هەولێرەوە لەسەر ئەم دوو گەنجە ئەرێ کرا."

خانەوادەی مەزڵوم داغ‌و عەبدولڕەحمان ئەر ده‌ڵێن، "ئێستاش بۆ جێبەجێی کردنی سزای لەسێدارەدانی ئەم دوو گەنجە بڕیاری ئێوە پێویستە، سەرۆکی بەڕیز؛ جەنابیشتان دەزانن کە سزای لەسێدارەدان لە یاسای سزادان لە وڵاتە دیموکراتییەکان هەڵگیراوە، بە داخەوە بەهۆی ئەوەی ئەم سزایە لە یاسای سزادانی باشوری کوردستان هەیە، وەک خانەوادەی ئەم دوو گەنجە لەناو گومان و خەمبارییەکی زۆر گەورە داین."

ئه‌وه‌شیان نوسیوه‌، "ئێستا پەسەندکردن و پەسەند نەکردنی ئەم سزای لەسێدارەدانە لە دەستی جەنابی بەرێز سەرۆک دایە، لێرەوە بانگەوازی خۆمان دەگەینینە جەنابتان، داوا دەکەین ئەم سزای لەسێدارەدانە ئەرێ نەکەن، ڕووداوێک کە بە هەستی وڵاتپارێزی ئەنجامدراوە، لە ئەنجامیدا دوو گەنجی کورد لەلایەن دادگای کوردییەوە سزا بدرێن، پێشگرتن لێشی تەنها لە دەستی جەنابتان دایە".


دەقی نامەکە:

نامەیەکی کراوە لەلایەن خانەوادەی مەزلوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر-ەوە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی.

سەرۆکی بەڕێز؛ ڕۆژی ١٧ی تەمموزی ٢٠١٩ لە عێراق، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی باشوری کوردستان ڕووداوێکی مردن ڕوویدا، دوای ماوەیەکی کورت چەند گەنجی کورد لە ناویاندا عەبدولڕەحمان ئەری برازام و مەزڵوم داغی هاوڕێی دەستگیرکران، کە ئەم دوو کەسە ڕۆژی ١١ی شوباتی ٢٠٢٠ لە ئەنجامی دادگاییکردنێکی کورتدا لەلایەن دادگای هەولێرەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا، ئەم بڕیارە بە شێوەیەکی بەپەلە ڕەوانەی دادگای باڵا کرا و لە ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٠ـدا ئەم سزایە لەلایەن دادگای باڵای هەولێرەوە لەسەر ئەم دوو گەنجە ئەرێ کرا.

ئێستاش بۆ جێبەجێی کردنی سزای لەسێدارەدانی ئەم دوو گەنجە بڕیاری ئێوە پێویستە، سەرۆکی بەڕیز؛ جەنابیشتان دەزانن کە سزای لەسێدارەدان لە یاسای سزادان لە وڵاتە دیموکراتییەکان هەڵگیراوە، بە داخەوە بەهۆی ئەوەی ئەم سزایە لە یاسای سزادانی باشوری کوردستان هەیە، وەک خانەوادەی ئەم دوو گەنجە لەناو گومان و خەمبارییەکی زۆر گەورە داین.

ئێمە دوو خانەوادەی وڵاتپارێزین، لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستاندا شەهید و بەهای قورسمان داوە، لە سەردەمێکدا کە لە سەرتاسەری جیهان دژی لەسێدارەدان تێکۆشانی بەرفراوان بەڕێوەدەبرێت، سزادانی دوو گەنجی کورد بە لەسێدارەدان ئێمەی تووشی سەرسوڕمان کردووە، بە دڵێکی خەمگینەوە بەرەو پیری ئەم سزایەدا دەچین، ئەم دوو گەنجە کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە، لەژێر زوڵم و زۆری دەوڵەتی تورکدا گەورە بوون، هەروەها شاهیدی زیندووی دڕندایەتییەکانی دەوڵەتی تورکن لە کوردستان، بۆیەش بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشانی ئازادیی بوون و بە ساڵانە لە بەرامبەر دەوڵەتی تورک بە ڕۆحێکی فیدایی تێکۆشان دەکەن.

پێویستە ناکات ئێمە کردەوە دڕندانەکان و سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک لە کوردستان و هەروەها ئەو کۆمەڵکوژییانەی لە کوردستان کراون شرۆڤە بکەین، ئەم گەنجانە دژی کردەوەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر ئێمە و گەلەکەمان سەریان هەڵداوە، ئێمە بڵێین بەجێ بوو یان نا، پەسەندی بکەین یان نا، لەم ڕووداوەدا ئامانجیان تەنها دەوڵەتی تورک و ئەوانەی سەرکێشی ئۆپەراسیۆنەکان دەکەن و بەرپرسی میتە، کاتێک سەیری کردەوە دڕندانەکانی دەوڵەتی تورک کە لە کوردستان بەڕیوەدەبرێن بکەین، بە ڕای ئێمە تاوانێک نییە کە شیاوی سزای لەسێدارەدان بێت، ئەو گەنجانە وتوویانە؛ “بۆ پاراستنی مافی گەلی کورد، ئەو ڕووداوە بەو ڕێبازە ئەنجام دراوە”، بێگومان ئەنجامی وەها ڕووداوێکمان بە مەرگ نەدەبینی، ئێمە دەزانین مرۆڤ دەتوانێت لە زۆر ڕووەوە بەدوای مافی خۆیدا بگەڕێت و ئێمەش لەو بوارەدا هاوڕاین، بەڵام سزای ئەو گەنجانە پێویست نییە لەسێدارەدان بێت، سەرەڕای ئەمەش فەرمانی سزای لە سێدارەدان لەلایەن دادگای هەرێمی باشووری کوردستانەوە بە خەمێکی گەورەوەئێمەی ڕووخاند.

ئەم گەنجانە شەڕڤانی ئازادین، ڕای گشتی کوردستان و وڵاتپارێزانی وەها دەیبینن و دەزانن، ئەم گەنجانە کە تەمەنی خۆیان بەختی ئازادیی کوردستان کردووە، ئەگەر ئەمڕۆ لەلایەن دادگایەکی کوردستانەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە، لە بێ بەختی و بێ چانسی گەورەی ئێمەیە، وەک خانەوادە ناتوانین ئەم دۆخە قبوڵ بکەین، لە جیهان و لە هەرێمەکە نمونەی وەها زۆرن، لە ساڵی ١٩١٥ـدا لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە، ئەرمەنەکان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژییەکی گەورە بوونەوە، تەڵعەت پاشای سەرۆک وەزایرانی ئەو کاتە، دوای شەڕی یەکەمی جیهان هەڵهات و چووە بەرلین، و ١٥ی ئایاری ١٩٢١ لەلایەن شۆڕشگێرێکی ئەرمەنەوە کوژرا، دوای ئەوە ئەو شۆڕشگێرە لەلایەن دادگای بەرلینەوە دادگایی کرا، بەڵام بەهۆی ئێش و ئازارەکانی گەلی ئەرمەن کە لەلایەن عوسمانییەوە بەسەریاندا هاتبوو، دادگا ئەو شۆڕشگێڕە ئەرمەنەی سزانەدا و سەربەست کرا.

ئێستا پەسەندکردن و پەسەند نەکردنی ئەم سزای لەسێدارەدانە لە دەستی جەنابی بەرێز سەرۆک دایە، لێرەوە بانگەوازی خۆمان دەگەینینە جەنابتان، داوا دەکەین ئەم سزای لەسێدارەدانە ئەرێ نەکەن، ڕووداوێک کە بە هەستی وڵاتپارێزی ئەنجامدراوە، لە ئەنجامیدا دوو گەنجی کورد لەلایەن دادگای کوردییەوە سزا بدرێن، پێشگرتن لێشی تەنها لە دەستی جەنابتان دایە، وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەو سزایە جێبەجێی بکرێت، باوەڕیی گەلی کورد بە ماف و دادپەروەری نامینێت و شکستێکی گەورەی لە دڵ و مێشکی کوردان دروست دەبێت و هەستی نەتەوەیی سەرکوت دەکات، باوەڕمان وایە ئەگەر ئێوە ئەم لەسێدارەدانە ئەرێ نەکەن و ڕایگرن، پێش لە دۆخێک کە زیان بە برایەتیمان دەگەینێت دەگرن، هەڵویستی ئێوە مۆری خۆی لە مێژووی کورد دەدات.

ئەم داواکارییە و هەستەی ئێمە لەلایەن دەیان ڕێکخستن و ڕێکخراوی مەدەنی و کەسایەتی ناودارەوە پشتیوانی کراوە و قبوڵ کراوە، کە لە ئێستادا لەگەڵ ئێمە لە پەیوەندیدان پشتیوانیمان لێدەکەن، ئەم ڕێکخستن و ڕێکخراوە مەدەنیانە و هەروەها ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش چاوەڕێ دەکەن کە سزای لەسێدارەدان لە هەموو یاسا و دەستوورەکاندا بە تایبەتی لە دەستووری هەرێمی باشوری کوردستان هەڵبگیرێت.

بەم هەستانەوە، جارێکی دیکە داوا لە جەنابتان دەکەین کە سزای لەسێدارەدان ئەرێ نەکەن، بە جیهانی پیشان بدەن کە گەلی کورد و ڕێکخراوە دادپەروەرەکانی دژی لەسێدارەدانن.

لەگەڵ ڕێز و سڵاو

لەسەرناوی  خانەوادەی ئەر و داغ

نەجمەدین ئەر
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×