لەسلێمانی کێشەی پێدانی تابلۆ بۆ هەندێک ئۆتۆمبێل دروست دەبێت
  2020-10-22       1315       
لەئێستادا ئاستەگ بۆ پێدانی تابلۆ بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە دروستدەبێت کە بەرکەوتنیان هەبووە و یان ئێرباگیان تەقیوە ئەمەش نیگەرانی بۆ بازرگانانی ئۆتۆمبێل دروستکردووە، بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانیش رایدەگەیەنێت هەر ئۆتۆمبێلێک مەرجی سەلامەتی تێدا نەبێت تابلۆی سلێمانی پێ نادرێت.

ئاوێنە - زریان محەمەد: ئەردەڵان ئەحمەد، بازرگانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بە ئاوێنەی ڕاگەیاند "لەئێستادا من زیاتر لە ١٥ ئۆتۆمبێلم هەیە کە لە پێشانگا دامناوە ناتوانم بیفرۆشم کاتێک دەیبەیت بۆ پشکنینی توندوتۆڵی ئەو کاتە لەپشکنین دەرناچێت بەبیانوی ئەوەی شانسی تەواو نیە یان ئێرباکی تەقیوە لەپشکنین دەرناچێت".

راشیگەیاند "ئۆتۆمبێل هەیە بەشێکی بچوکی بۆیاغە یان پێکدادانەکەی زۆر سوکە بەڵام ڕێگەی پێنادرێت تابلۆی بۆ ببەسترێت، هەندێکجار ژێربەژێر ئەو کارە تێ ئەپەڕێندرێت و بەبڕێک پارە تابلۆت بۆ دەکرێت ئەگەر شانسیشی بڕاوەبوبێت".

ئاماژە بەوەشدەکات "لەئێستادا خەڵکی سلێمانی یان ئەو بازرگانانەی توشی ئەو کێشەیەبون بەناچاری دەچن لە هەولێر ژمارە بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان وەردەگرن ئەمەش زیانە بۆ شاری سلێمانی هەموو داهاتەکە دەچێتەوە دەرەوە".

فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی بە ئاوێنەی ڕاگەیاند "ئەو کێشەیە تەنها تایبەت نیە بە سلێمانی لە هەمو هەرێمی کوردستان ئەو ڕێنماییە جێ بەجێ دەکرێت کەلە ساڵی ٢٠١٩ و ساڵی ٢٠٢٠ دەرکراوە تیایدا دەڵێت هەر ئۆتۆمبێلێک شانسی یان هەیکەلی یان بەدنی زیانی بەرکەوتبێت یان ئێرباگی تەقیبێت کاریگەری لەسەر توندوتۆڵی ئۆتۆمبێلەکە هەبێت نابێت تابلۆی پێ بدرێت، بەڵام بۆیاغی دەرگا یان چەمەلغ یان سنوق ئەمانە کێشەنییە".

راشیگەیاند "ئەو ئۆتۆمبێلانەی کەدێن بۆ پشکنین گەر لەپشکنین درنەچێت دەستی بەسەردا دەگیرێت و نادرێتەوە بەخاوەنەکەی، کاتێک ئەم ئۆتۆمبێلە لە مەرزەکانەوە دێتە ناوەوە کۆمپانیای CoC کەپشکنینی بۆکردووە ئەویش بەرپرسیارە لە هاتنە ناوەوەی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە وە دەبێت لێپرسینەوە بکرێت لەو کۆمپانیاینەی کە ئە ئۆتۆمبێلانە هاوردە دەکەن وە ئەو کۆمپانیایەش کە CoC بۆکردووە".

ئاماژە بەوەشدەکات هاووڵاتیان ئاگاداربن لەکرینی ئەو ئۆتۆمبێلانە گەر ئەو کێشانەی هەبوو ئەوا نەیکڕن چونکە تابلۆیان پێنادرێت و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا دەگیرێت.

بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە لەهەولێر تابلۆ بدرێت بەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دەڵێت" ئەوە بەس دەنگۆیە لە هەولێر دەڵێن لەسلێمانی تابلۆیان پێ دەدرێت لە سلێمانیش دەڵێن لەهەولێر تابلۆیان پێ دەدرێت".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×