هیومان رایتس ۆوچ دەڵێت: عێراق بەجددی كارناكات بۆ پاراستنی رۆژنامەنوسان
  2020-10-22       378       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند، وێڕای ئەوەی دەستدرێژییەكان بۆ سەر رۆژنامەنوسان لە عێراق لە كۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵدا گەیشتە سوتاندنی بارەگای كەناڵێكی تەلەفزیۆنی لە بەغداو هەڕەشەكردن لە پەیامنێرەكانی، بەڵام عێراق لەوبارەیەوە هیچ جوڵەیەكی نییەو ئەوەش نیگەرانی نوێی سەبارەت بە سەلامەتی پەیامنێران و رۆژنامەنوسان هێناوەتە ئاراوە.

ئاوێنە: رێكخراوەكە لە راپۆرتێكی نوێیدا لەژێری ناوی "كەی عێراق دەست دەكات بە پاراستنی رۆژنامەنوسان"، ئاماژەی بە سوتاندنی بارەگای كەناڵی "دیجلە"ی سەربە جەمال كەربولی كردوە لە بەغدا لە 31ی ئابی ئەمساڵدا ئەوەش بەهۆی پەخشكردنی ئاهەنگێكی مۆسیقی لە رۆژی عاشورادا.

هیومان رایتس ۆوچ ئاماژەی بەوەداوە كە دەسەڵاتدارانی عێراق لەو كاتەوە تاوەكو ئێستا لێكۆڵینەوەیان لەبارەی ئەوانەوە نەكردوە كە هەڵساون بەو كارە مەترسیدارەو ئاگریان لە بارەگای ئەو كەناڵە بەرداوە، وێڕای ئەوەش یاداشتنی دەستگیركردنیان بۆ جەمال كەربولی دەركردوە بە تۆمەتی ئەوەی سوكایەتی بە رێوڕەسم و نەریتەكانی مەزهەبێكی ئایینی كردوە.

هەروەها رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە سێ كارمەندی كەناڵی دیجلە لەسەروبەندی سوتاندنی كەناڵەكەدا بۆ هیومان رایتس ۆوچ قسەیان كردوەو ئاماژەیان بەوەداوە كە لەڕێگەی تەلەفۆن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ژمارەیەكی زۆر هەڕەشەیان پێگەیشتوەو چەكدارانیش بەدوایاندا گەڕاون و ئەو هەڕەشانەش ناچاری كردون سەرجەمیان دەست لە كارەكەیان بكێشنەوە ئەوەش لەڕێگەی پێشكەشكردنی دەستلەكاركێشانەوەی ئاشكراو بڵاوكردنەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

ئەو كارمەندانەی كەناڵەكە بە هیومان رایتس ۆوچیان وتوە، تەنانەت دەستلەكاركێشانەوەشیان بەس نەبوە بۆ راگرتنی هەڕەشەكان، ئێستا سێ لەكارمەندانی كەناڵەكە لە ماڵەكانی خۆیان هەڵهاتون. 

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەداوە لەماوەی چەند ساڵێكی كەمی رابردودا، چاوپێكەوتنیان لەگەڵ 10 رۆژنامەنوسدا كردوە كە بەشێوەیەكی توند هێرشیان كراوەتەسەر لەنێویشیاندا هەبوە كە لەلایەن هێزەكانی حكومەتەوە هێرشی كراوەتەسەر، بەڵام هیچ یەك لەو رۆژنامەنوسانە ئاگاداری پێكهێنانی ئەو لیژنەیە نەبون كە باڵیۆزخانەی عێراق لە بەیروت بە رێكخراوەكەی راگەیاندوە لە ساڵی 2016ەوە لەلایەن حكومەتەوە پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانی پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنوسان.

رایتس ۆوچ لەكۆتاییدا وتوشیەتی"ئەگەر ئەو لیژنەیە هەشبێت، ئەوا ئەركی خۆی بەجددی بەجێناهێنێت. دوای سوتاندنی كەناڵێكی تەلەفزیۆنی بەئاشكرا، دەبێت لەوە زیاتر چی روبدات تاوەكو دەسەڵاتدارانی عێراق بەشێوەیەكی جدددی مامەڵە لەگەڵ ئەم دەستدرێژییانەدا بكەن."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×