هاوسەرەكەی‌ زانیاری‌ نوێ لەبارەی‌ چارەنوسی‌ شێروان شێروانی ئاشکرادەکا
  2020-10-23       1691       
خاچی‌ سوری‌ نێودەوڵەتی سه‌ردانی‌ ڕۆژنامەنوس شێروان شێروانی ده‌كات له‌زیندانی‌ ئاسایشی‌ هەولێرو هاوسه‌ری‌ ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌ش ده‌ڵێت، شێروان شێروانی له‌نامه‌یه‌كدا دڵنیای‌ كردونه‌ته‌وه‌ له‌بارودۆخی‌ ته‌ندروستی‌.

ئاوێنه‌: ڕوگەش عزەدین جەبار، هاوسەری‌ ڕۆژنامەنوس شێروان شێروانی‌ بەسایتی‌ ناس کوردی‌ ڕاگەیاندووه‌، "دوای‌ ئەوەی‌ چەند ڕۆژێک پیش ئێستا چومە بارەگای‌ خاچی‌ سوری‌ نێودەوڵەتی‌ داوامکرد لەرێگەی‌ ئەوانەوە سۆراخی‌ هاوسەرەکەم بزانم، چونکە دوای‌ چەندین ڕۆژ دەستگیرکردنی‌ هیچ سۆراخێکیمان نەزانی‌".   

ناوبراو ده‌ڵێت، "ئەمڕۆ هەینی‌ خاچی‌ سوری‌ نێودەوڵەتی‌ پەیوەندیان پێوە کردم‌و دوای‌ ئەوەی‌ سەردانی‌ شێروانیان کردبو لەزیندان‌و بینویانە نامەیەکی‌ ئەویان پێ بو، بەهۆی‌ ئەوەی‌ من دورم لەهەولێرەوە بۆ ئەوەی‌ زو ناوەڕۆکەکەی‌ بزانم، بۆیان خوێندمەوە".   

له‌باره‌ی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ نامه‌كه‌وه‌، ڕونیده‌كاته‌وه‌ كه‌‌" لەناوەڕۆکی‌ نامەکەدا دەڵێت بارودۆخم باشە لەزیندان‌و خواردن‌و خواردنەوەشم باشەو خەمی‌ منتان نەبێت".  

هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ شێروان شێروانی ئه‌وه‌شی‌ وتووه‌، "من لەسەر زاری‌ بەرپرسانی‌ خاچی‌ سوری‌ نێودەوڵەتیەوە بیستومە کە دەموچاوو جەستەی‌ هیچ شوێنەوارێکی‌ لێدانی‌ پێوە نەبووە".  

ده‌شڵێت،‌ "ئێستا شوێنی‌ زیندانیەکەی‌ شێروان دەزانین‌و لەئاسایشی‌ گشتی‌ هەولێرە".  

چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ڕۆژنامەنوس شێروان شێروانی لەلایەن هێزێکی‌ ئەمنییه‌وه‌ له‌شاری‌ هه‌ولێر ده‌ستگیركراو چاره‌نوسی‌ به‌نادیاری‌ مابوه‌وه‌.

پێشتر پارێزەر هەرێم ڕەفعەت، پارێزەری كەیسەكەی‌ ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌ ڕایگەیاندبو، "لە 7ی ئەم مانگەوە دوای دەستگیركردنی، ڕۆژێك دواتر بەدواداچونمان كردو مۆڵەتمان وەرگرت چوینە ئاسایشی گشتی هەولێر وتیان لێرە نیە، سەردانی دهۆكمان كرد ئەوانیش وتیان لێرە نیە، بۆیە شوێن‌و چارەنوسی دیار نیە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×