فەرەنسا و موسڵمانەکانی: سەرنجێکی کورت لە پەیوەندیی نێوان ئیسلام و تێرۆر
  2020-10-25       1258       

مه‌ریوان وریا قانع

فەرەنسا وڵاتی نزیکەی ٦ ملیۆن موسڵمانە لە کۆی نزیکەی ٦٧ ملیۆن، ئەمەش مانای ئەوەیە نزیکەی ٩% دانیشتوانی ئەو وڵاتە موسڵمانن. ئەم ژمارە لە موسڵمان لەو وڵاتەدا خاوەنی سەدەھا مزگەوت و ڕێکخراو و ناوەندیی دینیی و نادینین. زۆرینەی ھەرەزۆری ئەم موسڵمانانە وەک کۆچبەر چونەتە ئەو وڵاتەو لە ساڵانی شەستەوە بە ژمارەی گەورە لەو وڵاتەدا جێگیربون، موسڵمانەکانی فەرەنسا سەربە شوێن و جێی جیاوازن، ھەیانە عەرەب، ھەیانە تورک و فارس و کورد ھتد...  لەو ٦ ملیۆن موسڵمانە تەنھا نزیکەی ٤٠% ڕۆژانە نوێژ دەکەن، تەنھا ٢٣%  دەچنە نوێژی جەماعەت لە ڕۆژی ھەینیدا. ژمارەی ئەو موسڵمانانەش کە مەشروبخۆرن ڕێژەیان ٣٤%.  ئەم لە موسڵمان لەو وڵاتەدا خاوەنی سەدەھا مزگەوت و ڕێکخراو و ناوەندیی دینیی و نادینیی ھەمەجۆرن. لەناو ئەم گشتە ئاڵۆزەدا کەسانێکیان ھەن  وەزیرو پرۆفیسۆری زانکۆو ھونەرمەندو وەرزشەوان و گۆرانیبێژو نوسەری گەورەن و لەناوە بەناوبانگەکانی ئەو وڵاتەن، زۆرینەی ئەو موسڵمانانە کەسانێکی بێوەین و خەریکی کارکردن و باشترکردنی ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵەکانیانن، ھەشیانە جیھادیست و تێرۆریستن و کاری سەرەکییان کوشتن و وێرانکردنە.

لە ساڵانی نەوەدەوە، چ لە فەرەنسادا و چ لە زۆرێک لە وڵاتە ئەوروپییەکانی تردا، شەپۆلێک لە سەلەفیەت لەناو موسڵمانانی کۆچبەردا بڵاوبۆتەوە، کە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ”ئیسلامی پێترۆ دۆلار“، واتە ”ئیسلامی دۆلاری نەوت“، ناودەبرێت. ئەم ئیسلامە ئیسلامی ”وەھابیی سەلەفیی“ سعودی و وڵاتانی خەلیجە، کە لەڕێگای دۆلاری زۆری نەوتەوە بە جیھاندا بڵاوکراوەتەوە. باڵێکی ئەم ئیسلامە سەلەفییە بە ”سەلەفیەتی جیھادیی“ ناودەبرێت کە ڕێکخراوەکانی وەک ئەل قاعیدەو داعش و چەندانی تر نوێنەرایەتی دەکەن. ئەوەی لەناو ئەوروپادا لە تێرۆر  کوشتن و وێرانکردن بەرپرسە، ئەم بەشە سەلەفییە جیھادییەی ئیسلامە. ئەمانە نوخبەیەکن لە گەنجانی ئەو وڵاتانەو وەک سەلەفییەکی توندڕەویی جیھادیی خۆیان بە نوێنەری ڕاستەقینەی ئیسلام دەزانن و بەناوی ئەم نوێنەرایەتیکردنەشەوە ئەوەی بەڕاستی دەزانن، ئەنجامیئەدەن. ئەمانە نەک تەنھا دژ بە سیستمی عەلمانی فەرەنسیی و دژ بە ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادییە تاکەکەسیی و دەستەجەمعییەکانی تری ناو کۆمەڵگای فەرەنسین، بەڵکو دژ بە سەرجەمی ئەو فۆرمانەی تری ئیسلامیشن کە لەگەڵ دیدە سەلەفییە جیھادییە داخراوەکەی ئەواندا ناگونجێت. لەڕوی فیکریەوە زۆرینەی ئەمانە منداڵەکانی سەید قوتبن. وەکچۆن سەید قوتب لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی بیستەمدا جیھانی سەردەمەکەی خۆی بە ”جاھیلیەتێکی نوێ“ دەزانی، بە خودی کۆمەڵگا ئیسلامییەکانەوە وەک بەشێک لەو جاھیلیەتە، ئەم نەوە تازانەی سەلەفیەتی جیھادیش ھەمان دیدی سەید قوتبیان ھەڵگرتوەو ھەمو جیھان بە ”جیھانێکی جاھیلیی“ دەزانن. خۆشیان وەک جەنگاوەرێکی جیھادیی دژ بەم ”جاھیلیەتە تازە“ وێنادەکەن. زۆرینەی ئەمانە کەسانێکن لە پەراوێزیی کۆمەڵگای فەرەنسیداو لەو ژینگانەدا دەژین کە پڕە لە بێئیشیی و توڕەیی و بێمتمانەیی و تاوان و دزیی و یاساشکێنیی. ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لە فەرەنسا ڕویدا لەناو ئەم وێنە گشتییەدا ڕویدا. سەربڕینی ئەو مامۆستا فەرەنسییە ڕوداوی ناو ئەو ژینگە دینیی و کۆمەڵایەتییەیە کە لەسەرەوە باسمکرد.

ئەو کەسەی مامۆستاکەی سەربڕیی بە ڕەچەڵەك شیشانیە و تەمەنی ١٨ ساڵە. ئەم کوڕە لە تەمەنی ٦ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەیدا بەرەو فەرەنسا ڕادەکەن و لەوێ دەبن بە پەنابەرو نیشتەجێدەبن. مامۆستا فەرنسییەکە مامۆستای مێژو و جوگرافیا بوەو لە پۆلەکانیدا ھەندێک منداڵی خێزانە موسڵمانەکانی ھەبوە. ئەم مامۆستایە ساڵانە کۆمەڵە وانەیەکی لەسەر ”ھاوڵاتیبون“ گوتۆتەوە. ”ئازادی ڕادەربڕین“یش یەکێک بوە لەو بابەتانەی بۆ قوتابییەکان باسیکردوەو گرنگیی پێداوە. لە وانەیەکیدا لەسەر ئەم بابەتە ئەو وێنە کاریکاتۆریانەی نیشانداوە کە گۆڤاری شارلی ھێبدۆ، Charlie Hebdo، لەسەر پێغەمبەری موسڵمامان بڵاویکردبوەوە. باوکی یەکێک لە خوێندکارە موسڵمانەکان، کە تەمەنی ٤٨ ساڵە، لای پۆلیس و لای ئیدارەی قوتابخانەکە شکات لە مامۆستاکە دەکات، دواییتر گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەسەر ئەو مامۆستایە بڵاودەکاتەوەو بە ”پۆخڵەوات“ ناویدەبات. ناو و ناونیشانی مامۆستاکە لەسەر ئینتەرنێت بڵاودەکرێتەوە. دوای ماوەیەک ئەو کوڕە شیشانییە پەیدادەبێت، ئەم کوڕە مامۆستاکە ناناسێت، بۆیە لە قوتابخانەکە بڕی ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ ئێرۆ ئەدات بە دو خوێندکار بۆئەوەی مامۆستاکەی نیشانبدەن. ئەوانیش پارەکە وەردەگرن و مامۆستاکەی نیشانئەدەن. دواتر کوڕە شیشانیەکە لە یەکێک لە کۆڵانەکانی پاریسدا پەلاماری مامۆستاکە ئەدات و سەریدەبڕێت. وێنەی پەلاماردانەکەش دەگرێت و لەسەر تویتەرەکەی خۆی بڵاویدەکاتەوە. ئیسلامییەکی توندڕەوی تریش لەم تاوانەدا بەشداربوە کە پێشوەخت لای پۆلیسی فەرەنسی ناسراوبوە. بە کورتییەکەی ئەوەی ڕویداوە کارێکی خۆبەخۆ و ھەڵچونێکی کوتوپڕ نەبوە، بەڵکو ئیشێکی ڕێکخراو و پلان بۆدانراو بوە.

پرسیارەکە ئەوەیە ئەم ڕوداوە چیمان پێدەڵێت؟

بە بۆچونی من ئەم ڕوداوە بە خەڵکی جیاواز شتی جیاواز دەڵێت. ئەوەی ئەم ڕوداوە، بۆ نمونە، بە موسڵمانەکان و بە ئیسلام وەک دینێک دەیڵێت جیاوازە لەوەی بە  فەرەنسییەکان و ئەوروپییەکانی دەڵێت. ئەم ڕوداوە پێویستە بە موسڵمانەکان بڵێت کە دینەکەیان ھەڵگری ئەگەری جۆرێک لە تەفیسر و لێکدانەوەیە، کە جگە لە کوشتنی ئینسان و وێرانەکاریی و سوکایەتییکردن بە ژیان، ژیانی ملیۆنەھا مرۆڤ، شتێکی دیکەی لێ سەوزنابێت. ”سەلەفیەتی جیھادیی“ لە ئاسمانەوە نەکەوتۆتەخوارەوە، کافرەکان دروستیان نەکردوە، لە دەرەوەی جیھانی ئیسلامیدا بەرھەمنەھاتوە،  بەڵکو لەناو لێکدانەوە وتەفسیر و تێگەیشتنێکی تایبەتەوە بۆ قورئان و حەدیس و کەلەپوری ئیسلام خۆیەوە ھاتوە. ئینکارکردنی ئەم ڕاستییە سادەیە بەشداربونە لە دروستکردنی ئەم ھێزە تاریکەدا. ”سەلەفیەتی جیھاندیی“ دەرکەوتێکی ھێجگار تاریک و ترسناک و وێرانکەری ئیسلامە، چەندە ڕوی لە کەسانی ناموسڵمانە، ھێندەش ڕوی لەو موسڵمانانەیە کە لە خۆیان ناچن. بنبڕکردنی ئەم جۆرە لە تێگەیشتن و تەفسیرکردنی ئیسلام، ئەرکی ژمارە یەکی ھەمو ئەوانەیە خۆیان بە موسڵمان و دیندار دەزانن و لە خەمی دین و پێغەمبەر و خوداکەیاندان. پاکژکردنەوەی ئیسلام لەم ئەگەری تەفسیرکردنە تاریکە، کردەیەکی مێژویی ھێجگار گرنگە و پێویستیی بە عەقڵێکی دینیی کراوە و بە ویژدانێکی ئینسانیی گەشەکردو و بە ڕۆحیەتی ھاریکاریی و بەدەم یەکەوەچون ھەیە، کە بەداخەوە بەو قیڕەقیڕ و خۆنمایشکردن و ھەڵا و زەنایە دروستنابێت، کە ئێستا لەلایەن ھێزە دینییەکانەوە دەیبینین. زۆرینەی ئەوەی لە کوردستاندا دەیبینین کاردانەوەیەکی دۆگمایی و ترسناکە کە ئاو بە ئاشی ئەم تێگەیشتنە سەلەفیە جیھادییەدا دەکات کە وەک سەرەتانێکی دینیی و فەرھەنگیی، لەگەشەکردندایە.

ھەرچی ئەوروپییەکانە لە پەیوەندیاندا بەم تاوانەوە، جارێکی تر پێ لەسەر کۆمەڵێک پرنسیپ دادەگرن کە بە بنەمای شوناسی سەرەکیی خۆیان و کۆمەڵگاکانیان دەزانن، لەوانەش پرنسیپی ”ئازادیی ڕادەربڕین“ و بەرگریکردن لە ”مەدەنیی“ و ”عەلمانیی“ بونی دەوڵەتەکەیان، کە لە فانتازیایی زۆرینەیاندا ئەو پرنسیپانە وەک بنەمای دیموکراسیەت کاردەکەن. ھاوکات ھەست بە جۆرێک لە ترس دەکەن کە لەناو کۆمەڵگاکانیاندا دروستبوە و ھەڕەشە لەو بەھاکان و لەو فۆرمانەی ژیانیان دەکات کە بە چەندان سەدە دروستیانکردوە. کاردانەوەکانی سەرۆکی فەرەنسیی و زۆر کاردانەوەی تری سیاسییەکانی ئەوپا لەم ڕەوتەدا دروستدەبێت. بەشێوەیەکی گشتیی دەکرێت لە زۆرێک لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا دو شێوازیی جیاواز لە کاردانەوە لەیەکتری جیابکەینەوە. یەکەمیان کارادانەوەی کەسان و ھێزە  ڕاستڕەوەکانە، کە باس سەندنەوەی ڕەگەزنامە و لە دەرکردن و گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرە موسڵمانانە دەکەن بۆ وڵاتی خۆیان، سەرەڕای ئەوەی ئەوان دەیان سالە لەو وڵاتانەدا دەژین و زیاد لە نەوەیەکیان لەو وڵاتانەدا لەدایکبون. زۆرشیان جگە لە زمانی فەرەنسیی ھیچ زمانێکی تر نازانن. دوھەمیان، کاردانەوەی کەسان و ھێزگەلێکی ترە کە باس لە ڕیشەکێشکردنی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتیی و ئابورییە دەکەن کە لەناو پاریسدا منداڵێکی شیشانی پەنابەر، دەگۆڕێت بۆ تێرۆریست و پیاوکوژێک.

بێگومان دوبارەبونەوەی ئەم جۆرە کارە تێرۆریستیانە و بەھێزبونی زیاتری ئەم شەپۆلە سەلەفییە، لەناو ئەوروپادا دۆخی ژیانی ئەو چەند ملیۆن کۆچبەرە موسڵمانانە تەواو زەحمەت و ناڕەحەتتر دەکات کە لە خەمی دابینکردنی ژیانێکی باشتردان بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵ و کەسوکارەکانیان. لە دەرەوەی ئەوروپاشدا لەشکرێک لە توندڕەو ئامادەدەکات لە دەیەکانی داھاتودا ژیانی ئەوانەش کە ھێشتا لەدایکنەبون، وێرانبکەن.

بەگژاچونەوەی ئەم فۆرمە لە دین و دینداریی، ئەم فۆرمە لە ئیسلامێکی ترسناک، ئەم مۆدێلە تاریکە لە موسڵمانبون، بەر لەوەی ئەرکی کەسێکی نادینیی بێت، ئەرکی کەسێک لە دیندا بەدوای شوناسی خۆیدا ئەگەڕێت، ئەرکی ھەمو ئەوانەیە کە ئیسلام بەلایانەوە بنەمای شوناس و دونیابینیانە. ئەو ئیسلامەی کە گەنجێکی شیشانی لەناو پاریسدا دەگۆڕێت بۆ پیاوکوژ، ئیسلامێکە لە قەیراندایە، لە قەیرانێکی ھەمەلایەنە و ھەمە ڕەھەندا.

ھەرچی ئازادیی ڕادەربڕینە بەھایەکی گەردونیی ھێجگار گرنگ و بنەڕەتییە و پێویستیی بە پاراستن و بەرگریلێکردنی بەردەوام ھەیە، بەرامبەر ھەمو ئەوانەی بەناوی جیاواز و لەژێر دروشمی جیاوازدا بەگژیدادەچنەوە و  دەیانەوێت سنورداریبکەن.  داخستنی دەمی مرۆڤ سڕینەوەی یەکێک لەو ئاکارە ھەرە سەرەکییانەیە، کە مرۆڤ دەکات بە مرۆڤ و لە ئاژەڵەکانی تری جیادەکاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×