لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایان سورە لەسەر نەکردنەوەی دەرگای خوێندنگاکان
  2020-10-27       592       

نەوشیروان حەمە غەریب، ئەندام لقی سلیمانی یەکێتی مامۆستایان دەڵێت "لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایان سورە لەسەر نەکردنەوەی دەرگای خوێندنگاکان تا جێبەجێ کردنی داواکارییەکانمان". 

ئاوێنە: نەوشیروان حەمە غەریب، بەئاوێنەی راگەیاند "ئێمە وەکو لقی سلێمانی سورین لەسەرداواکاریەکانمان و نەکردنەوەی دەرگای خوێندنگاکان تا جێبەجێ کردنی داواکاریەکانمان‌و لەگەڵ مامۆستیانی ناڕازی‌و بەڕێوەبەرەکانی ئەم سنورە هاوهەڵوێستین‌و تائێستا لەسەرداوای ئێمە خۆپیشاندانەکان دواخراوە".

نەوشیروان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر داواکارییەکانیان بێ وەڵام بێت ئەوکاتە ناڕەزایەتیەکان بەشێوازی جیاوازوو جۆراوجۆرو لەسەرشەقام دەستپێدەکەینەوەو لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایانیش بەشادار دەبێت، ئەو وتی "داواکارین بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکان بارو گوزەرانی مامۆستایانیان رەچاو بکات، چونکە ئەوان چەند بەرپرسن لەجێبەجێ کردن‌و پیادەکردنی ئەرکە ئیداریەکانیان دو ئەوەندە بەرپرسن لەدابین کردنی ماف و شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران".

ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر مامۆستایانی ناڕازی‌و  لقی سلیمانی یەکێتی مامۆستایان چەند داواکارییەکیان خستبوەڕو لەوانە "دابینکردنی پێداویستی تەندروستی و دانانی پلانێکی گونجاو کەبتوانرێت جێبەجێ بکرێت بۆ ڕوبەڕوو بوونەوەو پاراستنی خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران لەخوێندنگاکاندا لە پەتای کۆرۆنا. دابینکردنی بودجەو پێداویستیە پەروەردەییەکان بۆ خوێندنگاو ناوەندەکانی خوێندن. گێڕانەوە تەواوی شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران بەپێدانی مووچەی تەواو سی ڕۆژ جارێک، دەست پێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان. دیاریکردنی چارەنوسی موچە پاشەکەوت کراوەکان و نەدراوەکان‌و کردنەوەی هەژماری بانکی تایبەت بەمامۆستاو فەرمانبەران دیاری کردنی بڕی گشتی موجەی فەوتاوی هەر موچەخۆرێک و ڕێگە پێدان بەمامەڵە پێکردنی لەدەزگا حکومیەکاندا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×