ترەمپ: تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی هەمو ئەو ویلایەتانە دەدەین كە بایدن تێیاندا براوە بوە
  2020-11-05       554       

دۆناڵد ترەمپ، كاندیدی كۆمارییەكانی ئەمریكا بانگەشەی ئەوە دەكات كە "دەستكاریكردن و ساختەكردنی دەنگەكان" هەیە لە بەرژەوەندی جۆ بایدن-ی ركابەری لەهەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكادا، دەشڵێت: لە هەمو ئەو ولایەتانەی كە بایدن بانگەشەی بردنەوەی كردوە تانە لە ئەنجامەكان دەدەین. تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەشی دەڵێن: تەنانەت مردوش دەنگی داوە.

ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، ئێوارەی ئەمڕۆ لە تویتێكدا وتی: تانە لە ئەنجامەكانی سەرجەم ئەو ولایەتانە دەدەین كە بایدن بەمدواییانە بانگەشەی بردنەوەیانی كردوە ئەوەش "بەهۆی ساختەكردنی دەنگی دەنگدەران و دەستكاریكردنی هەڵبژاردنەكان لەو ویلایەتانە."

ترەمپ وتوشیەتی"بۆ ئەوە بەڵگەی زۆر هەن...ئێمە دەیبەینەوە... ساختەكاری رابگرن."

لەلایەكی دیكەوە، تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، كۆمارییەكان نەیانتوانیوە چاودێری جیاكردنەوەی دەنگەكان بكەن لە ویلایەتی نیڤادا.

هەروەها ئاماژەیان بەوەشداوە كە ئەوان نەیانتوانیوە چاودێری ئیمزاكردنی ئەو دەنگانە بكەن كە لەڕێگەی "پۆستە"وە دراون بۆیە لەلایان جێی گومانن.

تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ، ژنێكی بەساڵاچویان لەگەڵ خۆیان بۆ كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە هێنابو كە وتی: كاتێك چوە بۆ دەنگدان، سەری سوڕماوە كە لەجێی ئەو كەسێكی دیكە دەنگی داوە. تیمەكەی ترەمپ وتیان، ئەوە بەڵگەی "ئەگەری بونی ساختەكارییە."

تیمەكەی ترەمپ هەروەها ئاماژەیان بەوەدا كە دەنگی كەسانی مردو لە هەڵبژاردنەكەدا حساب كراون.

لە ئێستا پڕۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان لە ویلایەتەكانی نیڤادا و پەنسلڤانیاو نۆرس كارۆلیناو جۆرجیاو ئەریزۆنا بەردەوامەو بەشێك لە میدیا ئەمریكییەكان باس لەوە دەكەن كە لە ئەریزۆنا بایدن براوە بوە.

تا ئێستا بایدن 284 دەنگی كۆمەڵەی هەڵبژاردنەكانی بەدەستهێناوە بەرامبەر بە 214 دەنگ بۆ ترەمپ كە هەر كاندیدێك پێویستی بە 270 دەنگ هەیە بۆ گەیشتن بە كۆشكی سپی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×