ڕۆحانی: پێویستە حكومەتی داهاتوی ئەمریكا هەڵەكانی تڕەمپ ڕاست بكاتەوە
  2020-11-08       398       

سەرۆك كۆماری ئێران ڕایدەگەیەنێت، سیاسەتی چەوتی ئەمریكا لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا نەك تەنها لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە ئیدانە كراوە، بەڵكو لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەدا لەلایەن خەڵكی ئەمریكاوە ڕەتكرایەوە.

میدیای ئێرانی بڵاویكردەوە، حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران ڕایگەیاندووە، ئێستا دەرفەتێك بۆ حكومەتی داهاتووی ئەمریكا هەیە بۆ قەرەبووكردنەوەی هەڵەكانی ڕابردوو و گەڕانەوە بۆ ڕێڕەوی پابەندبوون بە پابەندییە نێودەوڵەتییەكان.

وتیشی”كۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە پابەند بووە بە پابەندییەكانی لە چوارچێوەی گرێبەستە نێودەوڵەتییەكادا، بەڵام سیاسەتی چەوتی ئەمریكا لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا نەك تەنها لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە ئیدانە كراوە، بەڵكو لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەدا لەلایەن خەڵكی ئەمریكاوە دژایەتی كراوە و پێویستە ئیدارەی نوێی ئەمریكا هەڵەكانی تڕەمپ ڕاستبكاتەوە”.

ئاشكراشیكرد، گەلی ئێران بە بەرخۆدانی قارەمانانەی خۆی لە بەرانبەر شەڕی ئابوری سەپێنراو، سەلماندی كە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ئەمریكا مەحكومە بە شكست.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×