ئازەربایجان و ئەرمینیا له‌سه‌ر راگرتنی‌ جه‌نگ رێككه‌وتن
  2020-11-10       542       

سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا ڕێککەوتننامەیەکی لەگەڵ ئازەربایجان بە ئامادەیی و نێوەندگیری ڕوسیا ئاشکراکرد و بڕیارە هەر ئەمڕۆ سێشەممە 10ی تشرینی دووەم جەنگ لە نێوان هەردوولادا بوەستێندرێت و هێزی ڕوسیش بچێتە سنوری هەردوو وڵات. 

ئاوێنه‌: نیکۆڵ پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاشکرایکرد، بەپێی ڕێكکەوتنەکە لەماوەی 10ڕۆژدا ئەرمینیا لەو ناوچانە دەکشێتەوە کە لە شەڕەکەدا کۆنترۆڵیکردووە.

لە یەکێک لە بڕگەکانی ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، کە دو هەزار سەربازی ڕوسی دەنێردرێنە قەرەباغ و ئەو شوێنانەی کە ناکۆکیان لەسەرە و هێزە ڕوسییەکە 90 زرێپۆش و نزیکەی 400 ئۆتۆمبیلی سەربازیش ڕەوانەی قەرەباغ دەکرێت.

هاوکات عەلی ئیف، سەرۆککۆماری ئازەربایجان لەبارەی ڕێککەوتنەکەوە ڕایگەیاندنووە، هێزەکانی تورکیاش ڕۆڵیان هەیە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا.

لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە کە هەردوو وڵات لە هەندێک ناوچەی نزیک لەیەک میکانزمی جوڵە و گەشتی هەفتانە ئەنجام دەدەن بە جۆرێک کە گرژی لە نێوان درووست نەبێت.

هاوکات هەردوو وڵات ڕێککەوتنیان کردووە کە ئاوارەکان و پەنابەران کە لە قەرەباغ و ناوچەکانی دیکە بەهۆی شەڕەوە زێدی خۆیان جێهێشتووە لەژێر سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بێت.

بەپێی ڕێککەوتنەکە ئەرمینیا ناوچەی کلبجەر تا پێنج ڕۆژی تر و ناوچەی لاچین تا مانگی داهاتوو چۆڵ دەکات و پێنج کیلۆمەتر دەکشێتەوە دواوە.

دوای ڕاگەیاندنی ئەم ڕێککەوتنە ڤیلادمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، هەزار و 960 سەربازیان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی ئاشتی ڕەوانەی سنوری ئازەربایجان و ئەرمینیا کردووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×