ناوەڕۆكی كۆبونەوەی نێوان سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و كۆمسیۆن و نەتەوە یەكگرتوەكان لەبارەی هەڵبژاردنەكان
  2020-11-16       392       

لە كۆبونەوەی نێوان سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكاندا جەخت كرایەوە لە گرنگی زیادكردنی رێژەی تۆماری بایۆمەتری و هەروەها جەخت  لە گرنگی هەماهەنگی و پشتیوانیی تیمی نەتەوە یەکگرتوەکان کرایه‌وه بۆ زامنکردنی چاودێرییەكی کارا تا زامنی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکات.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، لە پێناو پاک و بێگەردی و بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان لە ساڵی داهاتو، ئەمڕۆ دوشەممە ٢٠٢٠/١١/١٦ لە کۆشکی بە‌غداد کۆبونەوەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بە ئامادەبونی سەرۆک و ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و خاتو جەنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق بەڕێوەچو.

لەو کۆبونەوەكەدا گفتوگۆکرا لەبارەی وردەکاری گرنگ سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان و دڵنیابون لە بەڕێوەچونی پرۆسه‌که‌ به‌ڕێکوپێکی لە لایەن کۆمسیۆن و لایەنە په‌یوه‌ندیداره‌کانی دیکەی جێبەجێکردنی پرۆسەکە و چارەسەرکردنی ئەو ئاسته‌نگانه‌ی که ‌دێنه‌ڕێی.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەكەدا جەختکرایەوە لەگرنگی زیادکردنی رێژەی تۆماری بایۆمەتری و دانانی پێودانگێک کە یارمەتیدەر بێت لە پرۆسەی تۆمارکردن بە مەبەستی پشتبەستنی تەواو بە کارتی بایۆمەتری تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتو و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویستیش بە گوێرەی یاسا بۆ زامنکردنی دەنگدانی ئاوارەو ئەوانه‌ی لەدەرەوەی وڵاتن.

هەر لە کۆبونەوەكەدا جەختکرایەوە لە پێویستی واژۆکردنی رێککەوتننامەیەک لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییه‌ بەناوبانگه‌کان بۆ پشکنین و چاودێری بەرنامەکانی هەڵبژاردن بە راوێژ لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتوەکان، هەروەها ته‌ئکید لە گرنگی هەماهەنگی و پشتیوانیی تیمی نەتەوە یەکگرتوەکان کرایه‌وه‌ لەگەڵ کۆمسیۆن و زامنکردنی چاودێری کارا تا زامنی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکات بە گوێرەی پێودانگە نێودەوڵەتییەکان، و بەڕێوەبردنی هەڵمەتێکی راگەیاندنی نیشتیمانیش کە یارمەتیدەر بێت بۆ گێڕانەوەی متمانەی دەنگدەر بە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و پابەندبونیان بە بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×