وادەی دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی پرسی موچەوە دواخرا
  2020-11-30       441       

دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا بە دواخستنی دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە پرسی موچە كە بڕیار بو رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە بەڕێوەبچێت.

ئاوێنە: لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا، رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمان ڕایگەیاند، رۆژی چوارشەممە دانیشتنێکى کراوەی تایبەت بە پرسی موچە ئەنجام دەدرێت. 

بەڵام كەمێك لەمەوبەر، ماڵپەڕی رەسمی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندوە، دانیشتنی ژماره‌ (12)ى ئاسایی په‌رله‌مان، كه ‌بڕیاربو سه‌عات 12ى نیوه‌ڕۆی رۆژی چوارشه‌مه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، دواخراو هیچ وادەیەكی دیكەشی بۆ دانیشتنەكە ئاشكرانەكردوە.

مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە دواخستنی دانیشتنەكە، به ‌ماڵپه‌ڕی رەسمی په‌رله‌مانى كوردستانی راگه‌یاند"ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان نوسراوى ئاماده‌كردوه‌و ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت تاوه‌كو وەفدی دانوستانكارى هه‌رێم و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدارى حكومه‌تی هه‌رێم، له‌دانیشتنێكی تایبه‌تی په‌رله‌مانی كوردستاندا ئاماده‌ببن."

ئاماژەی بەوەداوە كە ئەوەش لەپێناو "گفتوگۆكردنە له‌سه‌ر پرسی موچه‌و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم و ره‌وشی گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ و پلان و ئاماده‌كارییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ هه‌مو ئه‌گه‌ره‌كانی په‌یوه‌ست به‌ڕه‌وشی دارایى."

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×