ئاماری نوێی كۆرۆنا لە عێراق: لە هەشت پارێزگا هیچ حاڵەتێكی مردن تۆمار نەكراوە
  2020-12-03       431       

بەپێی وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژمارەی مردن لە سەرتاسەری عێراق بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمی كردوە بەشێوەیەك كە لە هەشت پارێزگا هیچ حاڵەتێكی مردن بە ڤایرۆسەكە تۆمارنەكراوەو لە 10 پارێزگاكەی دیكەش 21 توشبو گیانیان لەدەستداوە.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 32 هەزار و 870 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان دو هەزارو 39 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا یەك هەزارو 550 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوەو 21 توشبوی دیكەش گیانیان لەدەستداوە.

ئەو 21 توشبوەی گیانیان لەدەستداوە لە 10 پارێزگای عێراق تۆماركراون لەنێویشیاندا سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، بەڵام لە هەشت پارێزگای وڵاتەكە لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا هیچ حاڵەتێكی مردن بە كۆرۆنا تۆمارنەكراوە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 558 هەزار و 767 كەس و لەوانە 12 هەزارو 361 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو 487 هەزارو 863 كەسیان چاكبونەتەوەو 58 هەزارو 543 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 270 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×