هەولێر..ئەو كەسانەی هێرشیان كردە سەر نەخۆشخانەی رزگاری، دەستگیركران
  2020-12-03       500       

ئەو كەسانەی رۆژی سێشەممە بەهۆی گیانلەدەستدانی توشبویەكی كۆرۆناوە لە نەخۆشخانەی رزگاری، هێرشیانكردبوە سەر نەخۆشخانەكەو پزیشك و كارمەندەكانی، دەستگیركران كە هەمویان كوڕی كەسە كۆچكردوەكەن.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند"دوای بەدوای ئەوەی کە نەخۆشێک بۆ ماوەی دوانزە ڕۆژ خەوێندرابو لە نەخۆشخانەی ڕزگاری کە تەمەنی(٨١) ساڵ بو و باری تەندروستی ناجێگیربو بەهۆی توشبونی بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، ڕۆژی سێشەممە کاتژمێر (٣) بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستی بە داخەوە گیانی سپارد."

ئەوەشی خستۆتەڕو"پاش ئەوەی لەلایەن پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە ئەوپەڕی توانای خۆیان دەبەخشنە توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بەشێکیان بونەتە قوربانی ئەم ڤایرۆسە، لە بڕی ئەوەی کەسوکار و هاوەڵی نەخۆش سوپاسگوزاری ستافی تەندروستی بن بە هەڵسوکەوتێکی دور لەبەهای ڕێزگرتن ئەرکی پیرۆزی کاری پزیشکی، هەڵسان بە ئەنجامدانی پشێوی و هەڵکوتانە سەر ستافی تەندروستی و شکاندنی کەلوپەل و ئەمبوڵانس لەنێو نەخۆشخانەو کە ئەنجامدەرانی کارەکە کەسوکاری کۆچکردو بون."

وتوشیەتی"دوای ڕوداوەکە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە ڕێگەی بەشی یاسایی سکاڵای لەسەر ئەو کەسانە تۆمارکرد کە هەڵیانکوتاوەتە سەر بەها پیرۆزەکانی نەخۆشخانەو دوای لێکۆڵینەوەو بەدواداچون  بەبڕیاری دادوەر ئەنجامدەرانی کردەوەکە دەستگیرکران بەمادەی (٤٧٧) لەیاسای سزادانی عێراقی کە کوڕی کۆچکردون."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "هاونیشتیمانیان دڵنیادەکەینەوە کە پزیشکان و کارمەندان تا دەگاتە فەرمانبەران خزمەتێکی بەرچاو پێشکەش بە توشبوانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەکەن و کە بەشێکیان بونەتە قوربانی ئەم ڤایرۆسەو گیانیان سپاردوە کە لە ئێستا ژماریان گەیشتۆتە (٣٦) ستاف لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر"


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×