حەوتەمین خەڵاتی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی بەخشرایە رۆژنامەنوس نیاز عەبدوڵا
  2020-12-05       957       

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، حەوتەمین خەڵاتی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی بۆ ئازادی رۆژنامەوانی بەخشرایە رۆژنامەنوس نیاز عەبدوڵا.

ئاوێنە: سەعات 2ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، مەراسیمی حەوتەمین ساڵرۆژی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی لەسەر گۆڕی ئەو رۆژنامەنوسە شەهید بە ئامادەبونی چەندین رۆژنامەنوس و چالاكوان و كەسایەتی بەڕێوەچو.

لە مەراسیمەكەدا چەند وتەیەك سەبارەت بە شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی و دۆخی رۆژنامەوانی پێشكەشكران و دواتر وتاری لیژنەی خەڵاتی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی بۆ ئازادی رۆژنامەوانی لەلایەن رۆژنامەنوس ئازاد عوسمان پێشكەشكراو تێیدا ئاشكرایكرد كە رۆژنامەنوس نیاز عەبدوڵا-یان دیاریكردوە بۆ وەرگرتنی حەوتەمین خەڵاتی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی كە بە بوێری و پێداگیرییەكانی بۆتە مایەی رێزو گرنگی هەموان كە نە كۆت و بەندەكانی كۆمەڵگاو نە كۆت و بەندەكانی دەسەڵاتیش نەیتوانیوە بیوەستێنێت.

پاشان خەڵاتەكە لەلایەن شیرین ئەمین، هاوسەری كاوە گەرمیانی پێشكەش بە نیاز عەبدوڵا كرا.

دوای وەرگرتنی خەڵاتەكە نیاز عەبدوڵا رایگەیاند"هەم خۆشحاڵم و هەم نیگەرانم لەوەی ئێمە هەمو ساڵێك لە یادكردنەوەی تیرۆری رۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەرانی شەهیددا بەیەك دەگەینەوە، خۆشحاڵم لەوەی كە ئێمە هەمومان بە بێ كۆڵنەدان و بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە بەردەامین لەسەر بەرگریكردن لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین و دژایەتی ستەم، نیگەرانم لەوەی ئێمە ساڵ لەدوای ساڵ كە پێكەوە كۆدەبینەوە بەڵام تاوانباران و بكوژان دەربازبون لە سزا، كە ئەمەش خاڵێكە هێزی داوە بە بەردەوامی تاوان و دژایەتیكردنی رۆژنامەنوسان."

وتیشی"خەڵاتەكە بەشێوە رەمزی و مانادارەكەی پێشكەش ئەكەم بە شێروان شێروانی هاوڕێم كە تا ئێستا رێگەنادرێت هاوڕێكانی و خێزانەكەی و پارێزەرانیشی لەزینداندا بیبینن و پێشكەشیشی دەكەم بەتەواوی دەستگیركراوانی هاوڕێم لە رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی مەدەنی لە بادینان كە لەگەڵ شێروان شێروانی بەتوندترین شێوە ئەشكەنجە دەدرێن."

نیاز عەبدوڵا ئاماژەی بەوەدا كە جیاواز لە رۆژنامەنوسان جیهان كە زیاتر لە بەرەكانی جەنگدا شەهید دەبن، رۆژنامەنوسانی ئێمە لەبەردەم ماڵەكانیاندا شەهید دەكرێن و وتیشی، ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە هیچ شوێنێك تەنانەت ماڵەكەشمان بۆ ئێمەی رۆژنامەنوسان ئارام نییە.

بڕیارە سەعات 8ی ئێوارەی ئەمڕۆ چالاكییەكانی حەوتەمین ساڵڕۆژی تیرۆركردنی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی لەبەردەم ماڵی شەهید تاوەكو 9:05 خولەكی شەو درێژەی پێبدرێت كە ئەوەش ساتی شەهیدكردنییەتی.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×