لە چارەكی دوەمی ساڵی داهاتودا ڤاكسینی كۆرۆنا دەگاتە عێراق
  2020-12-18       361       

وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، پێشبینی دەكەن لە چەند رۆژی داهاتودا رێككەوتنێك لەگەڵ كۆمپانیای فایزەری ئەمریكی ئیمزابكەن بۆ هێنانی ڤاكسینی كۆرۆناو ئاماژەی بەوەشدا كە لە چارەكی دوەمی ساڵی داهاتودا ڤاكسینەكە دەگاتە عێراق.

ئاوێنە: د. ریاز عەبدولئەمیر حەلەفی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی بە ئاژانسی رەسمی هەواڵی عێراقی وت: وەزارەتەكەیان گەیشتۆتە قۆناغی پێشكەوتو لە دانوستان لەگەڵ كۆمپانیای فایزەری ئەمریكی و ئەگەری هەیە لە چەند رۆژی داهاتودا رێككەوتنێك بۆ هێنانی بڕێك ڤاكسینی كۆرۆنا لەگەڵ كۆمپانیاكە ئیمزابكەن و لە چارەكی دوەمی ساڵی داهاتودا بڕێك ڤاكسینەكە بگاتە عێراق.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە وەزارەتەكەیان بەردەوامە لە پەیوەندیكردن بە كۆمپانیاكانی دیكەشەوە بەڵام مەرجی ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكان پەیوەستە بەوەی تا چەند بەرهەمی كۆمپانیاكە لەڕوی نێودەوڵەتییەوە پشتی پێ دەبەسترێت و وتوشیەتی: ڤاكسینەكەی كۆمپانیای فایزەر لەلایەن دەستەی دەرمانی بەریتانیاو فەرمانگەی دەرمان و خۆراكی ئەمریكاوە پەسەندكراوە.

ئاشكراشیكردوە كە لەڕوی مەبدەئییەوە وەزارەتەكەیان لەگەڵ كۆمپانیای فایزەر گرێبەست بۆ هێنانی بڕێك ڤاكسین كە نزیكەی یەك ملیۆن نیو دۆزە دەكات و رەنگیشە بڕەكە زیاتر بێت لەوە. 

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەو بڕە ڤاكسینەی دەهێنرێت بەپێی ئەولەویەتێك كە پێشتر دیاریكراوە سەرەتا بۆ كەسانی بەساڵاچو، ئەو كەسانەی كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیەو هەروەها بۆ كارمەندانی پزیشكی بەكاردەهێنرێت و سەرەتاش بە پێدانی ڤاكسینەكە بە كارمەندانی پزیشكی و پاشان بە كەسانی بەساڵاچو و دواتر ئەو كەسانەی كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دەستپێدەكات و دواتریش دەدرێتە هێزە ئەمنییەكان.

بەپێی قسەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی عێراق تاوەكو ئێستا ڤاكسینەكەی فایزەر تەنها كاریگەری لاوەكی سروشتی هەبون كە هەر ڤاكسینێكی دیكە هەیەتی لەوانە سەرئێشەو تایەكی سوك و هەمو ئەو كاریگەرییانەش كاتین و هیچ كاریگەرییەكی مەترسیداری نەبوە لەو وڵاتانەی دەست بە پێدانی ئەو ڤاكسینە كراوە. 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×